بونیادی ئاین، پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ئاین
بونیادی ئاین
پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ئاین:
وەرگێڕانی:شەهلا حوسێن
بەگەڕان بەنێو مێژوو و جوگرافیای ئاینە مرۆییەکاندا، بونیادێکی یەکگرتووی ئاینیمان بۆ دەردەکەوێت کە وەکو دیاردەیەکی شارستانی دەرکەوتووە. ئەم بونیادە لە چەند توخم و لایەنێک پێک هاتووە، هەندێکیان سەرەکین و بەبێ ئەم بونیادە مەحاڵە ئاین پێک بێت. هەندێکی دیکەیان لاوەکین و ڕۆڵێکی ئەوتۆی جەوهەرییان نیە لە پێکهاتنیدا. لێرەدا باسی سێ پێکهێنەری سەرەکی ئاین دەکەین:١.باوەڕ٢.ڕێوڕەسم٣.ئستورە.
١.باوەڕ
باوەڕ یەکەمین شێوازی گوزارشتی دەستەجەمعی مرۆڤە، لەشێوەی ئەزموونی تاکەکەسی خۆی دەنوێنێت. لە کایەی هەڵچوونە هەستەکی و سۆزەکیەکانەوە بۆ تێڕامانی زەینی. پێدەچێت گەیشتن بە ئەزموونی ئاینی بۆ پێکهێنانی باوەڕێک، پیویستیەکی سایکۆلۆجی و جەوهەری بێت، چونکە باوەڕ بۆخۆی فۆرمێکی ماقوڵ بە ئەزموونە ئاینیەکە دەبەخشێت. هەروەها کار لەسەر ڕێکخستن و ڕێساسازی کاروبارەکانی دەکات. پاش ڕووبەڕووبونەوە سۆزەکیەکان لەگەڵ پیرۆز لە قوڵایی دەرووندا، ئەقڵی مرۆڤ دەستتێوەردان دەکات لە داڕشتنی چەمکەکاندا لەوانە ئەزموونە ناوەکیەکە نزم دەکاتەوە لەبۆ جیهانە دەرەکیەکە. لێرەولەوێ جێگیربوونی پیرۆز، هەندێک بابەتی دیاریکراو دەهێنێتە ئاراوە، یاخود دروستکردنی کەسایەتی و هێزی ڕۆحی و مەعنەویە. جەمسەرگیری کردن لە هەستکردن بە پیرۆزی سەرنجەکە دەبات بۆ دەرەوەی دەروون، بەم ڕەنگە فۆرمە سەرەتاییەکانی بیروباوەڕ دروست دەبێت، ئیدی ئەو پێکهاتەیەی پێی دەگوترێت ئاین دەناسرێت.
باوەڕی ئاینی بە زەرورەت بابەتێکی دەستەجەمعیە، ئەقڵی بەکۆمەڵ کار لەسەر بەرهەمهێنانەوەی دەکات، نەوەکانی داهاتووش کار لەسەر پەرەپێدان و بەردەوامیەکەی دەکەن. بەگەڕان بەنێو مێژوودا، گەڕانەوە بۆ نێو باوەڕە ئاینیە کۆنەکان، بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین باوەڕی ئەو گەل و کولتوورە کۆنانە، باوەڕەکانیان لەسەرچاوەیەکی دیاریکراو و بە ئامادەیی پێگەیشتووە و وەریانگرتووە. بەڵام لای : سۆمەر، ئەکەد، کەنعان، میسر و یۆنان. تۆمارگەلێکمان بەرچاو دەکەوێت کە باوەڕ و ئستورە و پاڕانەوە و نزاکانیان تێدا تۆمارکردووە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە سەرگەڤار و کاهین و پەیامبەر و پیاوێکی ئاینی کرابێت. لە دەقەکانی(ڤیدا)ـی سانسکرێتی لەکۆندا، کە کاریگەریەکی زۆری بەسەر گەلانی هیندۆسی لە هیند داناوە، سەرچاوە و نوسەرێکی دیاریکراوی نەبووە، وە بەوردی مێژووی نوسینەوەکەی نازانرێت. هەروەها بیروباوەڕی هۆزە سەرەتاییەکانی ئستورالیا و میلانیریا و هیتر، بەردەوام باوەڕی بێ سەرچاوەیان هەبووە، ناکرێت و گونجاو نیە، بەداوی سەرەتا و سەرچاوەکانیدا بگەڕێین، چونکە ئەوە پێچەوانەی ئەو حەقیقەتە ئەزەلیانەیە کە ناکرێت گفتوگۆی بکرێت. گەر بکرێت و سەرەتایەکی بۆ دیاری بکرێت ، ئەوا ئەم سەرەتایە دەکەوێتە نێو سەردەمە ئستورەییەکانی دەرکەوتنی مرۆڤەوە، یاخود لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم کۆمۆنەی سەرەتایی مرۆڤەوە دەبێت. ئەمە پاڵمان پێوە دەنێت بۆ داننان بە ڕاستیەکی مێژوویی سەلمێنراو، ئەوەیش ئەوەیە دیاردەی دامەزرێنەری ئاینێکی دیاریکراو و بەدیاریکراوی مرۆڤێک پێی هەستێت دیاردەیەکی نوێ بووە، لە نیوەی یەکەمی سەدەی شەشەمی پێش زاینیدا، زەردەشت دەرکەوت، باوەڕێکی نوێی ڕاگەیاند و بڵاوی کردەوە. وە لە نیوەی دووەمی سەدەی شەشەمدا بودا لە هیند و لاوتسی دامەزرێنەری تاویزم لە چین دەرکەوت. هیچ ڕێکەوتیش نیە ئەم جۆرە کەسانە لە ڕۆژهەڵاتی کۆندا دەرکەوتبن، لەگەڵ جۆرێک لە فەیلەسوف و بیرمەند لە ڕۆژئاوادا. یا دامەزرێنەری فەلسەفەیەک بن، لەو شوێنانەی وەکو یۆنان و ئاسیای بچووک لەناوەندی یۆنان و دوورگەکانی دەوروبەری، لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەم و سەرەتای سەدەی شەشەم قوتابخانەی مەڵەتیا لە ئاسیای بچووک سەرهەڵدەدات. لەناوەڕاستەکانی سەدەی شەشەمدا فیساگۆرس یەکەم بلیمەتی فەلسەفەی گریکی دەردەکەوێت، دوای ئەو هێراکلیتس، زینۆفان، پارمەنیدس، لەگەڵ سۆکرات، لێرە بەدواوە فەلسەفە دەچێتە قۆناغی پێگەیشتن و لوتکەی خۆی.
باوەڕ بابەتێکی دەستەجەمعیە، بە زۆر هۆکار، لەوانە، یەکەم: ناکرێت و ڕێی تێناچێت تاکە یەک کەس لەم کۆمەڵەیە باوەڕی تایبەت بەخۆی بەرهەمبهێنێت و دایڕێژێت، بانگەشەی ڕەفتار و کرداری تایبەت بەخۆی بکات چونکە ئەوە پارادۆکس دروست دەکات لەگەڵ کۆی باوەڕی ئەوانی دیکە. دووهەم: ئەوەیە بەردەوامی هەرباوەڕێک، پێویستی بە باوەڕهێنانی ژمارەیەکی زۆر و بێ شومار لە خەڵک هەیە، پەسەندی بکەن و شوێنی بکەون ئەگینا کاڵ دەبێتەوە و دەتوێتەوە. کاریگەریەکەی لەدەستدەدات تەنانەت لای خودی تاکە کەسەکەش خۆی. لێرەدا لەوە تێدەگەین کە بۆچی دامەزرێنەرانی ئاینێک یان خودان فەلسەفەیەکی مەزن بە خستنەڕووی بیرۆکەکانیان بۆ گشتی، کە دەیخەنە ڕوو و داوا لەخەڵک دەکەن لەباوەشی بگرێت. چونکە ئەم کۆششەیان گرەنتی مانەوەی باوەڕی و بیرۆکەکانیان و بەردەوامیەکەی دەدات. هەوڵی مژدەدەرەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕاددەی باوەڕهێنان بە ڕاستییەکی ڕەهاوە هەیە، هەروەها ڕای بگەێنێت دەستی بە ڕاستییەکی ڕەها گەیشتووە. لێرەدا ژیاننامەی(مانی)ـمان هەیە دامەزرێنەری ئاینی مانەوی، کاتێک(سروش-وەحی)بۆ هات بەپێی گێڕانەوەکانی شوێنکەوتووان و نوسەرانی ژیاننامەکەی، تەمەنی تەنها ٢٤ ساڵ بووە، دەستی بە بانگەشە بۆ باوەڕەکەی کرد پاشان بەرەو ناوڕاستی هیند و دواتر بۆ میسر چوو. لەم بزوتنەی نەکشایەوە و هەر بەردەوام بوو تاکو ساڵی (٢٧٦ز) پادشا بەهرام لەسێدارەیدا. لە هەندێک لە نوسراو و دەستنوسەکانی مەسیحیەتدا باسی مانی لەو سەردەمەدا کراوە، نوسینێکدا هاتووە وەسفە بۆ مانی دەڵێت لەکاتی بانگەشەیدا شەڕواڵێکی زەردی پانی لەپێدایە، مرادخانیەکی شینی بەسەردا کردووە، هەروەها گۆچانێکی بەدەستەوەیە هەمیشە کتێبێکی لەژێر قۆڵیدا هەڵگرتبوو کە خۆی بە زمانی بابلی نوسیویەتی.
خوداوەندی نێو باوەڕەکان پێویستیان بە مرۆڤ هەیە، وە مرۆڤیش پێویستی بەوان هەیە، خوداوەندەکانی مرۆڤی سەردەمە زووەکان شێوە و فۆرمیان لەسەر خەیاڵ بیرکردنەوە و وێنای ئەوان بووە. مرۆڤیش هێز و وزەی ڕۆحی لێیانەوە وەردەگرت، ئەوە وایلێدەکردن بەردەوامی بە ژیانیان بدەن، ئەوەی خوداوەندەکان لە مرۆڤەکانی داوا دەکەن بەرهەمهێنانی بیرۆکە، و بیرکردنەوە بووە لە خۆیان، بەڵام پەرستش و ڕێوڕەسمەکان بەگوێرەی یادکردنەوەیانە، تاچەند ئارامی و دڵنیایی بە ڕۆح و دەروون دەبەخشن بەگوێزەی ئەو وێنایانەی بۆیان دەکێشرا.
زۆرجار باوەڕ لە بیرۆکەگەلی ڕوون و ئاشکرا پێک دێت، کار لەسەر وێنەکێشانی وێنەی زەینی بۆ جیهانی پیرۆزیەکان دەکات. پەیوەندی دروست دەکات لەنێوان خۆی و جیهانی مرۆڤدا. ئەم بیرۆکانە لەسەر شێوەی نوێژ و خوێندەوەیان بە ئاوازەوە دەسازێت و چێ دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم شێوازە لە ئەدەبی ئاینی دەتوانین بەدوای باوەڕە ڕوون، ڕەسەن و ئاشکراکەدا بگەڕێین لە نێو کۆمەڵێک لە کۆمەڵەکاندا، بۆزیاتر بەرچاوڕوونی ، بەشێوەیەکی ئەکادیمی ئەوە دەخەمە ڕوو لەسەر باوەڕێک لە تەرتیلەیەکی بەناوبانگدا داڕێژراوە، بەچاوگەی ئەدەبی ئاینی کۆن دادەنرێت، بە تەرتیلە دورودرێژەکەی (فیرعەون ئەخناتۆن، بۆ خودای تاک و تاقانە(ئاتۆن)، وزەی گەردوونی نمونەیی لە پەپکەی خۆردا)، ئەم تەرتیلەیە، دووەم تەرتیلەیە لە میراتی ئاتۆنیدا نوسرابێت. بە زیادکردنی هەندێک دەقی دیکە کە شوێنکەوتووانی فیرعەون بۆی زیادکردوون.
تەرتیلە ئەخناتونیەکە وێنەیەکی بەرزی ئەبستراک لە باوەڕێکی پوختە نیشان دەدات، خوداوەندی ئاینی ئاتۆنی، هێزی خوداوەندی نا-جەستەیە کە لە ماددەدا بەرجەستە نابێت، وزەیەکی پاکە، ئەوە ڕەتدەکاتەوە لەسەر شێوەی خوداوەندێکی شێوە مرۆڤکردی دیاریکراو کێشرابێت، زاتێکە بوون و سەرجەمێتی لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە ئافرێنراون، بەهەموو وردەکاری و شێوازەکانی ژیان، وزەیەکە لە جیهانی بەرجەستەدا تەجەللا دەبێت لە شێوەی پەپکەی خۆردایە. ئەم تەرتیلەیەی ئەخناتۆن بەوە جیادەکرێتەوە کە سیمبولەکانی میتۆلۆژیای تێدا نامێنێت، هەرجۆرە سێبەرێکی ئستورەیش وەردەردەنات و هەڵیدەوەشێنێتەوە کە یاوەری تەرتیلە ئاینیەکە بکات.
تەرتیلەکە دەڵێت:
چەندە جوانە هەڵهاتنت لەبۆ ئاسۆگ، ئەی ئاتۆنی زیندوو، ئافرێنەری ژیان، کاتێک لەبۆ هەڵهاتن دەچیە کەشکەڵان، وڵات تژی دەکەیت لە جوانیت، تیرێژەکانت سەرجەم بوونکاریەکەت دەگرێتەوە، هەموو بەندکراوەکانت موڵکی تۆن، تۆ (ڕەع)ـیت، بە ئەڤینی خۆت دایان دەپۆشیت.
تۆ بڵند و دووریت، بەڵام ڕۆناهیەکەت بەسەر زەویندا پەرش دەبێتەوە
تۆ بەرز و دووریت، بەڵام شۆپەکانت ڕووبارەکان دەتەقێنیتەوە
کاتێک لە ئاسۆگدا دادەبەزیت بۆ ئاوابوون، زەوین لەنێو تاریکیدا سەرنگوون دەبێت، دەڵێی مردووە.
هەمووان دەگەڕێنەوە پەناگەکانیان، شێرەکان لە بێشەکانیانەوە دێنە دەر و مارەکانیش لە کونەکانیان
سەرجەمیان دەچنە بێدەنگیەکی قوڵەوە، تاریکی باڵ دەکێشێت، چونکە خوداوەند پشوو دەدات
کاتێک هەڵدێیت تاریکی ون دەبێت، زەوین ڕووناک دەکەیتەوە
کە تیرێژەکانت دەنێریت، زەوی میسڕ ئاهەنگ دەگێڕێت، هەمووان کەیفسازن، نزای سوپاسگوزاری بۆ دەرکەوتن دەکەن، هەمووان دەچنەوە سەرکارەکانیان.
ماڵاتەکانی کێڵگە بە مێرگەکاندا بڵاودەبنەوە، گژوگیا و ڕووەکەکان دەبوژێنەوە
پەڕندەکان بەسەر ئاو و زەلکاوەکاندا هەڵدەفڕن، کە باڵ ڕادەوەشێنن نزا بۆتۆ دەکەن، بە هەموو جومگەکانی ژیاندا تێدەپەڕیت
گەمییەکان بەنێو ئاوەکاندا دێن و دەچن، هەموو ڕێگەکان ڕوویان لە ڕۆناهی تۆیە
ماساوەکان بەرەو تۆ بازدەدەن، تیرێژەکانت دەچێتە قوڵایی دەریا ئاواڵەکانەوە
تۆی ئافرێنەری پیتاندن لە ژناندا، ئافرێنەری تۆوەکانی پیاو
لە زاگەی دایکدا ژیان بە تۆلە دەبەخشیت، هەناسەی پێدەبەخشیت پێی بژی، وە لە بەرچاوزیندوویدا دەوی دەکەیتەوە و ڕۆزی بەشدەدەیت
جوجەڵەکان لەنێو هێلکەکاندا دەجیوێنن، لەنێو هێلکەکەدا هەوا بۆ نەفەسکێشانیان دەنێریت، کە سوڕەکەی تەواو دەکات بە دەندوک توێکڵەکە دەشکێنێت ، لە هێلکەکە دەردەێت و بە بەرزی دەجیوێنێت
ئەیهاور خودایە ئافراندنەکانت چەندە زۆرن! تەنها خۆت و بە خواستی خۆت زەوینت ئافراند، جۆرەها مێگەل و ڕانت تێدا ئافراندووە
هەرچی لەسەر پێ و باڵداری ئەزمانە تۆ ئافراندوتە
سەرجەم ئاڕاستە و ناوچەکانی سوریا، حەبەشە و زەوی میسر، جێگەی تایبەتت پێ بەخشین، ژیانت ڕسکاند، چارەنوسەکانت دیاریکرد
نەتەوەکانت لەیەکدی جوداکردەوە بە زمان و ڕەنگ و سروشتیان، کردتن بە گەلی جیاواز
لە ژێرەوەی زەویدا نیل ـت تەقاندەوە، بەخواستی خۆت ئاراستەی دەکەیت بۆ بوژاندنەوەی خەڵکی میسر
ئەی ئاتونی ڕۆژ، مەزنی بەشکۆ
نیل ـێکی دیکەت لە ئەزماندا ئافراند، بۆ ژیانی خەڵکی میسری دوور، بەسەریاندا دەبارێت، دەبێت بە دەریا و لە دوندی چیاکانەوە دادەبەزێت بۆ کێڵگە و لادێکانیان
تیرێژەکانت کێڵگەکان دەبوژێنێتەوە، بە هەڵهاتنت دەژێنەوە و گەشە دەکەن
تۆی ئافرێنەری وەرزەکان بۆ دروستکراوەکانت، لە زڤستان فێنکیان دەکەیتەوە و لە تاوساندا پێزانینیان بۆ گەرمیەکەت هەیە
ئەزمانی بڵندت ئافراند بۆئەوەی تێیدا هەڵبێیت، لە دروستکراوەکانت بڕوانیت
تۆ تاقانە و بێ هاوەڵیت، لەسەر شێوەی ئاتۆنی زیندوو تیرێژ بەردەدەیت
هەڵدێیت و دەڕەخشێیت، بۆ دوور دەچیت و دەگەڕێیتەوە، تۆ تاک و تاقانەیت، هەموو شتێک لە تۆوە سەرچاوەی گرتووە
هەموو چاوەکان پڕن لەتۆ، تۆ ئاتۆنی ڕۆژیت، لە دونددایت، تۆ لە دڵماندایت، کەس بەڕاستی ناتناسێت جگە لە کوڕەکەت ئەخناتۆن، فام و تێگەیشتنت پێ بەخشی، بۆئەوەی هەمان ڕێباز و شکۆی تۆ بگرێتە بەر
گەردوون هەموو لە چنگی تۆدایە، کاتێک بەسەر دروستکراوەکانتدا هەڵدێیت، دەژێنەوە، کە ئاوا دەبیت، دەمرن، تۆ ژیانیت و ژیان لە تۆدایە.
دوورخستنەوەی باوەڕی ئاتۆنی لە ئاماژەدان و دیارخستنی خۆی لە ڕێگەی ئستورەوە لەم تەرتیلەیەدا بە ئاشکرا دیارە، هیچ ئاماژە و سیمبولێکی ئستورەیی لەخۆ نەگرتووە ، لە ئستورەی پێکهاتن، ئافراندن و بنەماکانی.
بەدڵنیاییەوە خوداوەند ئاتۆن لەشێوەیەکی جەستەییدا وێنا نەکراوە، ئەو جۆرە لە شێوەدانە پێی، پەیکەرتاش و هونەرمەند و وێنەکێشەکانن بۆیان دروست کردووە، لەسەر ڕووکاری گۆڕ و دیواری پەرستگاکاندا، هێمایەکیان بۆ داناوە ئاماژە بێت بە پەپکەی خۆری گڕدار و تیرێژەکانی بڵاودەکاتەوە بە هەموو لایەکدا.
وە بە هەر تیرێژێکی خێر و بەرەکەت بڵاودەکاتەوە، بەدەر لەوە وێنە هونەریەکە هیچ وێنایەکی ئستورەیی بەبەر وێنەکەدا ناکات، ئەم کارە هونەرییە بەدڵنیاییەوە لە فەلسەفەی هونەرەوە نزیک بوو، وەک ئەوەی لە فەلسەفەی هونەری گریکیەوە نزیک بێت. نەبوونی سیمبولە ئستورەییەکان لە ئاینی ئەخناتۆنیدا، شتێکە سروشتی ئاینەکە دەیخوازێت.
ئەرکی ئوستورە لە ئایندا بریتیە لە ڕوونکردنەوەی وێنەی خوداوەند و ژیاننامەی خوداوەندەکە، هەروەها ڕیشە و ڕەچەڵەکەکەیەتی، وە دیاریکردنی ڕۆڵەکەیەتی لە ژیانی مرۆڤدا.
بەڵام خوداوەند ئەخناتۆن سەرەڕای بانگەشە کردنی بۆ تاکخودایی و یەکتایی، هەموو ڕێگەکانی دەربڕین و دەربارەی بوونی، سروشتی و پەیوەندی بە جیهانی مرۆڤەکانەوە، ئاماژەن بەوەی شێوەیەکی نا-جەستەیی هەیە، لەنێو جیهانی دیاردەکاندا بوونێکی شاراوەیە.
٢.ڕێوڕەسم
ئەزموونی ڕاستەوخۆی ئاینی، دۆخێکی هەڵچوونییە. کاتێک ئەم هەڵچوونە زیاتر دەبێت و دەگاتە ترۆپک، لە ئاکامدا ڕەفتاری جۆراوجۆر دەنوێنرێت. بەهۆی ئەو ئەزموونەوە لە دۆخی ئاسایی لادەدات ، بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ دەروون و جەستەکه. لەسەر شێوازی ژەنینی ئامێری مۆسیقا و سەمای ئازاد پەیڕەو دەکرێت، ئەمیش یەکەمین فۆرمی پاڵنەری ڕەفتارەکەیە؛ دواتر وردە وردە گۆڕا بۆ ڕێوڕەسمێکی ڕێسائامێز، تەشریع کردن و دسپلینکردنی لەگەڵ ئەزموونی ئاینی و قایمکردنی لە باوەڕییەکی ڕووندا. کە هەموان باوەڕی پێ بهێنن، و بەشێوەیەکی هاوگونجاو بەرەو پیریەوە بچن.
ئەوان ئەزموونە تاکە کەسییە تایبەتەکانی خۆیانی تێدا دەبینن. ئەمە لە نمایش و نواندنی تاکە کەسی ئازادەوە دەگۆڕێت بۆ بۆ دەستەجەمعی خاوەنی ڕێسا و بناغەیەکی وردی دیاریکراو. بەو ڕەنگە ڕیوڕەسمەکە بە باوەڕەوە دەبەسترێتەوە نەک بەستنەوەی بە ئەزموونە ئاینییە ڕاستەوخۆکەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دوو جۆرە لە ڕێوڕەسم لە یەک کولتووردا لەگەڵ یەکدیدا هەڵدەکەن. ڕێوڕەسمە ئازادەکان شانبەشانی ڕێوڕەسمە ڕێکخراوەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بێ توانایی ڕێوڕەسمە ڕێکخراوەکان لە دابینکردنی پیداویستییەکانی جۆرێکی دیاریکراوی تاک کە هەستیارییەکی بەرزی هەیە بەرامبەر بە ئەزموونی ئاینی تاکەکەسی. ئەگەر نوێژکردن لە پەرستگاکان، وتنەوەی سروود، تەرتیلەکان و نزاکان تێیدا باوترین و دیارترینی ڕێوڕەسمی ڕێکخراو بێت، ئەوا بازنەی سۆفیگەری کە مۆسیقا و سەما لە خۆدەگرێت، باشترین نمونەیە بۆ ڕێوڕەسمی ئازاد، بە باوەڕی دەستەجەمعی دامەزراوەوە نابەسترێتەوە، بەڵکو بە ئەزموونی ئاینی قوڵی ڕاستەوخۆوە دەبەسترێتەوە. شایەنی باسە لێرەدا ئەم جۆرە لە ڕێوڕەسمی ئازاد، هەرچەندە لە بنەڕەتدا لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی ئاینیەوه سەریهەڵداوە بەڵام زۆرجار ئەو ئەزموونەی تێدا دووبارە دەبێتەوە، بۆئەوەی کاریگەری لەسەر دەروون دابنێت، لە چوارچێوەی سەمای دیاریکراو و ژەنینی ئامێری مۆسیقی و دووبارە کردنەوەی هەندێ وشەی زارەکیانە. ئەمەش کاریگەریەکی قووڵ لەسەر دەروون دادەنێت. ئەو کەسانەی لە نمایشەکەدا نوقم دەبن و دەچنە قوڵایی ڕێوڕەسمەکەوە، دەچنە دۆخێکی نائاسایی ئاگاییەوە، ئەم دۆخە سۆزئامێزە دەست بەسەر ئاگاییدا دەگرێت و لە ئەزموونێکی ڕاستەوخۆدا داگیری دەکات، لە بنەڕەتدا ئەم وروژاندنە بەبێ زۆر لەخۆکردن ڕوو دەدات.
باوەڕ وێنەی زەینی ڕوون و کاریگەر بۆ پیرۆزییەکان دەکێشێت، بەڵام بیرۆکەکان بەتەنها خۆیان ئاینێکی ڕوون و یەکگرتوو دروستناکەن، بەڵکو دەتوانن لە باشترین دۆخی خۆیدا فەلسەفەیەک پێک بهێنت، سەرەڕای ئەوەی بە گشتی گرنگی ئاینیش داوە.
بۆ ئەو مەبەستە دەچمە سەر نمونەیەک لە فەلسەفەی ئەفلاتۆنیزمی نوێ، دەیخەمە ڕوو:
لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبیدا لەسەدەی سێیەمی زاینیدا هێزی پەیدا کرد و برەوی پێدرا. ئەم فەلسەفەیە خوداناسی کردە جێگەی زیاتری سەرنج و چەقی گرنگیپێدانەکانی، بیرۆکەکانی نێو فەلسەفەکە، بوو بە بناغەیەکی ئاینی مەزن لەو سەردەمەدا، سەرەڕای ئەوەی ئەم فەلسەفەیە بەتەواوی جێبەجێ نەکراو و نەهاتە دی، لەبەر ئەوەی هەژاربوو بە سیستەمێکی ڕێوڕەسمی، هیچ جۆرە ڕێوڕەسمێک لەخۆی ناگرێت، مرۆڤ بخاتە پەیوەندیەوە لەگەڵ جیهانی پیرۆزیەکان کە باوەڕ خۆی وێنە دەروونیەکەی بۆ داڕشتبێت. ئیتر ئەم جیهانە بەشێوەی وێنەی زەینی هەر لە فکری شوێنکەوتووانی ڕێبازەکەدا جێ دەکرێت نەک لە دڵدا جێ بگرێت.
ئێمە لە فەلسەفەوە دەربازی ئاین نابین(هەرچەندە پێم وایە هەر بیرکردنەوەیەکی گونجاو بۆخۆی فەلسەفەیە). کاتێک باوەڕ پاڵمان دەنێت بۆ ڕەفتارکردن، ئەوا لە تێڕامانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ جوڵە، لەبیرکردنەوە لە جیهانی پیرۆزییەکان بۆ هەڵوێست وەرگرتن و پراکتیک. بەو ڕەنگە لێی نزیک دەبینەوە، پەسەندی دەکەین، لە بەرژەوەندی خۆماندا دەیگونجێنین، خۆمان لە توڕەییەکەی لادەدەین....هتد
گەر باوەڕ دۆخێکی دەروونی بوو، ئەوا ڕێوڕەسمەکە دەبێتە کردەیی و پەیوەندی لەتەکدا دروست دەکات. وە ئەگەر باوەڕ کۆمەڵە بیرۆکەیەک بێت پەیوەست بێت بە جیهانی پیرۆزەوە، ئەوا ڕێوڕەسمەکە لە کۆمەڵە ڕەفتارێک پێک دێت پەیوەست دەبێت بەو جیهانی پیرۆزانەوە وە لە پەیوەندیەکی بەردەوامدا دەبێت لەگەڵیدا.
بەگشتی دەتوانرێت بگوترێت هەر وێنایەکی دەروونی لە کایەی زەینەوە نەجوڵێت بۆ کایەی کردار، توشی بەبەردبوون و کاڵبوونەوە و ڕەشووبنەوە دەبێت. ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەش بێت، کە سەربازەکان ڕۆژانە لە سەربازگەکانیاندا بیرۆکەی نیشتیمانیان وەبیر دەخرێتەوە، لە ڕێگەی مەشق و پراکتیزەکردنی ڕۆژانەوە، لە ناوەڕۆکدا نزیکە لە ڕێوڕەسمێکی ئاینییەوە. ڕەنگە زۆرێکمان ئەو مەشقەمان بینیبێت یاخود ئەنجاممان دابێت، سڵاوکردن و بەرزکردنەوەی ئاڵا لە بەیانیان یاخود ئێواراندا، بە ئامادەبوونی زۆرێک لە ئەندامانی یەکەکە، بەیانیان ئاڵاکە بەرز دەکرێتەوە و ئێوارانیش بەدەنگی زەنگۆڵەکە دادەگیرێت، ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمە ژیانی و ڕۆژانەییە مانایەکی گەورە لە دەرووندا چێ دەکات. هەروەها هەمان شت لە هەڵوێستی کۆمەڵگە بەرامبەر بە (شەهید) و ڕێزگرتن لە شەهید نیشان لە بۆنە تایبەتەکاندا، هەرچەندە باسی بکەین و ڕێز لە پێگەی شەهید بگرین لە دڵماندا، ناتوانیت مافی خۆی پێ بدەین، وەکو ڕێوڕەسمەکە نابێت کە تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری سەربازەکە دادەنێت. جگە لەوە چەمکی نیشتیمانی نەتەوەیی و وێناکەی لە هزری هاونیشتیمانیاندا، ئەقڵەکان داینامەزرێنن هێندەی ئەوەی ڕێوڕەسمەکان دایدەمەزرێنێت، ئێمە دەتوانین لە کتێب و میدیاکاندا باس لە چەمک و بیرۆکەی نیشتیمان و هاونیشانی بکەین، بەڵام بەیەک ئاهەنگی نەتەوەیی کە خەڵکی تێیدا جەم بۆتەوە لەسەر شەقامەکاندا و بە سروودی نیشتیمانی و ئاڵا و دروشم هەڵدان بەشدارن، زیاتر دەچەسپێنێت، ئاگر گڕدەکات و کاریگەرترە لەسەر دەروونی خەڵکی وەک لە کتێب و خوێندنەوە و فێرکاری.
بەپشت بەستن بەوانەی سەرەوە دەتوانم بڵێم ڕێوڕەسم تەنیا سیستەمێکی ئاماژەیی نیە، کە فاکتی دەرەکیمان بۆ باوەڕی ناوەکی دەگۆڕێت، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکار و ئامرازیشە، بەشێوەیەکی بازنەیی باوەڕ بەرهەم دەهێنێتەوە، لەبەر ئەمەشە ڕێوڕەسم و باوەڕ وابەستەی یەکترن، سەرەڕای ئەوەی ڕێوڕەسم بەرەنجامی باوەڕێکی دیاریکراوە و خزمەت بە باوەڕ دەکات، خودی ڕێوڕەسمەکە زۆر زوو کاریگەری لەسەر باوەڕەکە دادەنێت و بەهێزی دەکات و یەکگرتووتری دەکات.
لەگەڵ ئەوەی سروشتی دەستەجەمعی هەیە بەڵام کار لەسەر گۆڕانی دۆخە دەروونی و ڕۆحیەکانی تاک دەکات، ئەم لایەنە هەمیشە حەماسی تەکاکان نوێ دەکاتەوە و وایانلێدەکات هەست بە یەکگرتوویی و هاوئاوێزانبوونی باوەڕ و باوەڕییەکەیان بکەن پێکەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕێوڕەسم لەسەر بنەمای کۆمەڵێک ڕێککاری پێشوەختە ڕێکخراو و هەماهەنگ دامەزراوە، دووبارە و سێ بارە ئەنجام دەردێتەوە، بەڵام هەمیشە نوێ دەردەکەوێت، هەرکاتێک بە کۆمەڵ ئەنجام بدرێت هەرجارەو هەست بە نوێ بوونی دەکرێت. لەبەر ئەم هۆکارانەیە ڕێوڕەسم دیارترین توخمی دیاردەی ئاینە، خۆی وەکو پێوەری سەرەتایی نیشاندەدات، کە دیاردە ئاینیەکان لە یەکتری جیادەکاتەوە ، چونکە ئاین وا دەرناکەوێت سیستەمێکی زەینی بێت بەڵکو سیستەمێکە لە کردار و ڕەفتارکردن، باوەڕداریش کەسێک نیە کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێ بۆ زانینەکەی زیاد کردبێت، بەڵکو کەسێکە لەژێر ڕێنمایی ئەو بیرۆکانەدا کار دەکات و ئاراستە دەبێت و ڕەفتار دەنوێنێت.
.ئستورە:
بەرلەوەی باسی گرنگی ڕۆڵی ئەم پێکهێنەرە بکەم لە پێکهێنانی ئایندا، پێویستە هەندێک وردەکاری گرنگ سەبارەت بە ئستورە بخەمە ڕوو، ئەمە لەچەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە:
1. لەڕووی فۆرمەوە. ئستورە بەشێکە لە ئەدەبی باڵا، چیرۆکە و بە ڕێساکانی گێڕانەوە بەڕێوە دەچێت، لە کولتوورە پێشکەتووەکاندا، ئستورە بەشێوازی شیعر داڕێژراوە، بۆئەوەی ئاسان بێت بۆ خوێندنەوە و گێڕانەوە لەنێوان مرۆڤەکان و گەیاندنی بەنەوەکانی داهاتوو، هەروەها دەسەڵاتێکی هەیە کە بەسەر دەرووندا زاڵ ببێت.
2. چیرۆکێکی نەریتییە، واتا پارێزگاری لە سەقامگیری ڕێژەیی دەکات، کە بۆماوەیەکی درێژە نەوەکان دەقەکانی دەگوازنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو کۆمەڵەکاندا پارێزگاری لە هێزی خۆی دەکات. ئستورەی دابەزینی ئینانا بۆ جیهانی ژێرەوە، کە ئستورەیەکی سۆمەریە و لەناوەڕاستی هەزارەی سێهەمی پێش زاییندا بووە. پاشان بە شێوازی ئەکەدی نوسرایەوە و هەر بەردەوام بوو، لە دەقە سۆمەریەکەوە زۆر نزیک بوو تا ناوەڕاستەکانی هەزارەی یەکەمی پێش زایین، کۆپییەکی لە کتێبخانەکەی ئاشور بانیباڵدا دۆزرایەوە.
3. ئستورە دەرە-کاتە، دەکەوێتە دەرەوەی کات، باس لە چیرۆکێک ناکات لە ڕابردوودا ڕوویداوە و کۆتایی پێ هاتووە، بەڵکو ڕووداوەکانی ئامادەگی هەمیشەییان هەیە، دۆخ و کاتەکەی هەمیشە ئامادەیە و نابێتە ڕابردوو. تەمموزی خوداوەندی قوربانی پاشان زیندوو کرایەوە بۆ ژیان. ئەم ڕووداوە هەموو ساڵێک ڕوو دەدات، لە هاویندا دەکوژرێت و لە بەهاردا زیندوو دەبێتەوە. مەردۆخی خوداوەندیش، لە سەردەمە سەرەتایی و یەکەمییە پیرۆزەکاندا گەردوونی ئافراند و سیستەمبەندی کرد، ئەم ڕووداوەش هەموو ساڵێک لەگەڵ سەری ساڵی نوێدا ڕوو دەدات و دووبارە دەبێتەوە، دووبارە پرۆسەی ئافراندنەکە نوێ دەکاتەوە و سەر لە نوێ بوون دەئافرێنێتەوە.هەروەها ململانێی نێوان بەعل و ئەژدیهای لویتانی حەوت سەر و کوشنی، ململانێیەکی بەردەوامە لەنێوان هەردوو هێزی شەڕ و مەرگ، چاکە و ژیان. وە نەبێت ئەمە ئاماژە و بەڵگە بێت لەسەر دووبارەبونەوەی سوڕی ڕووداوەکانی ئستورە، مەبەستی سەرەکی ئستورە حەقیقەتێکی ئەزەلیە کە لە ژیانی مرۆڤدا بوونی هەیە. بۆنمونە ئستورەی ئافراندنی مرۆڤ لە گڵ و تێکەڵکردنی بە خوێنی خوداوەندی قوربانی، ئەمە بنەمای دروستبوونی ئەو بیرۆکەیەیە کە مرۆڤ لە دوو توخمی جودا ئافرێنراوە، یەکێیان ماددی ئەوی دیان ڕۆحی. تەنانەت ئەگەر ئستورەیەکیش ئاماژە بە ڕووداوێکی دیاریکراو بدات لە مێژوودا، ئەوا مەبەستەکانی دوورمەودان و لەدەرەوی کاتە و هەمیشە ئامادەگیان هەیە، بۆنمونە ئستورەی (لافاوە مەزنەکە)، سەرەڕای ئەوەی لە واقعدا سۆمەرییەکان ئەو ڕووداوە مێژووەییەیان بەسەردا هاتووە و ڕوویداوە هەروەها مێژوو ئاماژەی بۆ کردووە، ناوەڕۆکی ئستورەکە زەمەن(کات)ی تێدا نەبووە بۆ ئەوان، ئەو لافاوەی هەموو سەر زەوی کاولکرد و هەموو شتێکی لەناوبرد. ئاماژەیە بە ئاگاداربوونی هەمیشەیی زاڵبوونی هێزێکی باڵادەست، ئاگاداربون لە خەشم و توڕەیی خوداوەند کە بەرز و بەدەرە لە تێگەیشتنی مرۆڤەکان. بۆ دڵنیابوونەوەی بەردەوامی بارودۆخی مرۆڤ و جێگیربونی دۆخەکان، ئەوەی ڕووداوە ئستورەییەکە لەوانی دی جیادەکاتەوە ئەوەیە، ئامادەگی هەمیشەییەتی یا هەمیشەیی بونیەتی.
4. بابەتەکانی ئستورە بە جددی بون و گشتگیریەکەی دەناسرێت، بەدەوری ئەو پرسیارە مەزنانەدا دەسوڕێتەوە کە لای مرۆڤ چێدەبوون، ئەو پرسیارانەی هەمیشە مرۆڤ کردونی و لە بەرامبەریدا هۆشسام بووە، وەکو: ئافراندن و دروستبوون، بنەمای یەکەمی شتەکان، مەرگ، ژیانی پاش مەرگ...هتد هەمان پرسیار و کارەکانی فەلسەفەی هەیە.
5. خوداوەند ڕۆڵێکی بنچینەیی و سەرەکی هەیە لەنێو ئستورەدا.
6. نوسەرێکی دیاریکراوی نیە، چونکە بەرهەمی خەیاڵی تاکە کەسی نیە یا پەند و وانەی کەسێک بێت، بەڵکو دیاردەیەکی دەستەجەمعیە، ئەم جۆرە لە فکراندنی دەستە جەمعی ڕێگە نادات چیرۆکە ئستورەییەکە تاکێک بەتەنها خۆی بیگێڕێتەوە هەرچەندە دەقێکی ئەدەبیش بێت.
7. دەقێکی پیرۆزە و دەسەڵاتی باڵای هەیە بەسەر دڵ و دەروونی خەڵکدا، .
٨. بە سیستەمێکی ئاینی دیاریکراوەوە پەیوەست دەبێت، وە تێکەڵکێشە لەگەڵ باوەڕی ئەو سیستەمە و ڕێ و ڕەسمەکانیدا. ئەگەر ئەم سیستەمە شکستی هێنا و داڕوخا، ئستورە هێزی خۆی وەکو ئستورە لە دەست دەدات، دەگۆڕێت بۆ حەکایەتێکی زەمینی و دەبێتە ژانرێکی تر لە ئەدەبدا کە هاوشێوەی ئستورە بێت، وەکو حەکایەتی ئەفسانەیی و چیرۆکی قارەمانێتی، هەندێک لە بەشەکانیشی دەچنە نێو حەکایەتی چیرۆکی میللیەوە.
بە پشتبەستن بەو خاڵانەی لە سەرەوە باسکران، دەتوانم شتێک باس بکەم کە شێوەی لە پێناسە دەچێت، ئستورە بریتیە لە چیرۆکێکی پیرۆز، پشت بە دەسەڵاتی ناوەکی دەبەستێت و پشتگیریشی لێدەکات، ئەم دەسەڵاتە ناوەکیەی ئستورە لە فاکتەرە دەرەکیەکانەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لەڕێگەی شێوازی داڕشتنەکەی و مامەڵە و پەیوەندی گرتی لەگەڵ لایەنە هەڵچوونی و نازەینیەکانی مرۆڤدایە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا ئێمەی خودانی جیهانی ئەقڵ، هەرکاتێک خۆمان خزاندە نێو باوەشی ئستورەوە هەست بە دەسەڵاتەکەی دەکەین، ئەو هەستە سەرتاپامان دادەگرێت، بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بزانین.
کەواتە بەهۆی باوەڕیی ئاینەوە ئستورە دروست دەبێت، وە دروێژکراوەی سروشتی باوەڕە، کار لەسەر ڕوونکردنەوە و زەنگین کردنی ئەو باوەڕە دەکات، وایلێدەکات بچەسپێت و یارمەتی پاراستن و گواستنەوەی بدات بۆ نەوەکانی داهاتوو. لایەنێکی خەیاڵئامێزی بۆ دابین دەکات، بە هەست و سۆز و هەڵچوونە مرۆییەکانەوە دەیبەستێتەوە. پێدەچێت ئەرکی سەرەکی ئستورە زیادکردن و دابینکردن و نەخشاندنی خوداوەندێتی بێت بەڕەنگ و تۆنێکی زیندوو، بەتایبەت لەنێو ئەو باوەڕییانەی فرە خودان. ئەرکی ئستورەکانە وێنەی خودا بکێشن و بەو کارە هەستن و ناو و ناوبانگیان پێ ببەخشن. ژیان و مێژوو و ژیاننامەکەیان دەنوسێتەوە، دەسەڵاتەکانیان، دروستی و پەیوەندییان پێکەوە ڕوون دەکاتەوە. خودای هەربوگی(ئەزەلی) کە دەرە-کاتە و تیۆریە، سروشتێکی فەلسەفی هەیە و وا پێک دێت. ئەو بونێکی بەرجەستە و بەرچاوی نیە، پەیوەندی نیه بە جیهانی مرۆڤەوە، تەنیا کاتێک نەبێت کە بچێتە نێو کاتەوە و بەکرداری ئافراندن و دروستکردنی گەردوون هەستێت، ئەوەش ئەرکی ئستورەیە بۆمان ڕوون بکاتەوە و وردەکاریەکانمان بۆ باسبکات. ئستورە لەسەر چەمکی کات ڕادەوەستێت نەک شوێن. وەکو ئەوەی فەیلەسوفی هاوچەرخی ئەڵمانی ئارنێست کاسێرەر، وای دەبینێت ئستورەی ڕاستەقینە ئەوەیە وێنەیەکی دیاریکراوی لەنێو کات ـدا بۆ بکێشین و بیخەینە پاڵی، نەوەکو وێنەی تایبەتی بۆ بکێشین و کۆیان بکەینەوە بۆی. ئەم خوداوەندانە کاتێک دەست بە چالاکییەکانیان دەکەن و لە چوارچێوەی کات ـدا بوونی خۆیان ڕادەگەێنن، کە ئاگایی مرۆڤ لە بیرۆکەی خوداوەندییەتیەوە دەگۆڕێت بۆ مێژووی خوداوەند، لەو چوارچێوە مێژووییەی کە ئستورە بۆی دیاری دەکات و وێنەی دەکێشێت، خوداوەند هێزی پێدە بەخشرێت و بەسەر دیاردە سروشتییەکاندا باڵادەست دەبێت. بەپێی ژیاننامەکەی وێنەی دەرچوونی بۆ دەکێشرێت لە کایۆسی چەقبەستوەوە بۆ کاتی جوڵاو، خوداوەند لە بوونی ئەبستراکت و موجەڕڕەدەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئەو کردارەی کە لە جیهانی مرۆڤدا دەردەکەوێت پاشان بە چوارچێوەی ژیانی خۆیەوە گرێی دەدات.
لێرەدا گرنگی ئستورە لە ئاینەکانی میللەتاندا، لەنێو سیستەمی میتۆلۆژیادا، ئستورەی ئافراندنەکەیەتی، کە پێگەیەکی بەرزی هەیە. یەکەمین کارێک خوداوەند پێی هەستێت بریتیە لە ئافراندنی گەردوون و دەرچوونە لە کایۆسی ناشوێن و هیولای کاتی چەقبەستوو، بەرەو ڕوونی جیهانی جوڵە و کردار و جیهانی کات.
ئەم خوداوەندە بە ئافراندن و داهێنانی گەردوون، خۆیشی دەئافرێت، مێژووی تایبەتی خۆی دروست دەکات و ئیدی دەست پێدەکات. بەوبۆنەیەوە ئستورەی ئافراندنی بابلی کە مەزنترینی ئستورەی ئەو شارستانیەتە بوو، ئینۆمائیلیش، دەبێژێت:
وەختایەک لە بڵندایی ڕا هێشتا ئەزمان بەرچاو زیندوو نەبوو
وە لە خوارەوەشڕا زەوین بەرچاو زیندوو نەبوو
هیچ خوداوەندێک بەرچاو زیندوو نەبوو جگە لە سێ خوداوەندی یەکەمی
خوداوەندانی کایۆس دەرە-کات بون، چەقبەستوو، بێ جوڵە و کردار. دواتر خوداوەند مەردۆخ هات بۆئەوەی ژیاننامەی خۆی بنوسێتەوه و دروستی بکات لەگەڵ ئافراندنی گەردووندا، لە کایۆس و تاریکیدا دەریهێنان. هەر هەمان ئستورە سەرچاوەی پێکهێنانی پرۆسەی ئافراندنی تەوراتیە، لە عەهدی قەدیم(پەیمانی کۆن) لە پەڕەی یەکەمیدا بەم جۆرە هاتووە:
١ لە سەرەتادا خودا ئاسمان و زەویی بەدیهێنا. ٢ زەویش بێ شێوە و وێرانە بوو، تاریکیش لەسەر ڕووی قووڵاییەکان بوو. ڕۆحی خوداش لەسەر ڕووی ئاوەکان هەڵدەفڕی.
پێش ئەمە ئیدی ئێمە نازانین چی تر هەیە و زانیاری دیکەمان لەسەر دۆخی پێش کایۆس نیە.(یەهوە-جاهۆڤا) چی کردووە پێش ئەوەی ئاسمان و زەوی بئافرێنێت نازانین.
جگە لەوە پەیوەندیە بەهێزەی ئستورە بە باوەڕەوه، لە نزیکەوە و توندوتۆڵ بە ڕێوڕەسمەوە دەبەسترێتەوە، ڕێوڕەسمیش پردێکە لەنێوان پەرستراو و هێزێکی دیاریکراوی پیرۆزدایە، ئەم هێزە هەرچەندە خاوەنی کەسایەتیەکی دیاریکراو بێت و تایبەتمەندی ژیاننامەی ژیانی تایبەت بێت کە ئستورە بۆی دەکێشێت، ڕێوڕەسمەکە دەوڵەمەندتر دەبێت و باوەڕ پێی زیاد دەکات، وە بەپێچەوانەوە هەرکاتێک ڕێوڕەسمەکە مەیلی بۆ سادەتر بڕوات، باوەڕ ئەئەبستراکتر دەبێت و سامانی ئستورە هەژارتر دەبێت. لە نمونەی ئەو ڕێوڕەسمە سادانەی دەوەستێتە سەر باوەڕێک کە پشت بە ئستورە نابەستێت، ڕێوڕەسمی جادوگەرییە. جادووگەری جۆرێکی ساکارە لە جۆرەکانی ئاین، ڕێوڕەسمی جادووگەری دەوەستێتە سەر باوەڕێکی ئەبستراکت.
دەبینین ئستورە ڕێوڕەسمەکان زەنگینتر دەکات ئەمەش کار لەسەر جێگیربوونی ئستورەکان دەکات لە زەین و دەروونی خەڵکدا. پێشکەوتنی سیستەمی میتۆلۆژی هەر کولتوورێک، پشت دەبەستێت بە پێشکەوتن و پێگەیشتن و زەنگینی زمان و شێوازی دەربڕینی زمانەوانی، وەکو پیشتر گوتمان ئستورە جۆرێکە لە جۆرەکانی ئەدەب، بەڵکو یەکەم جۆری ئەدەبیش بووە مرۆڤ دایهێناوە، ئەو کولتوورانەی زمانی خۆیان گەیاندۆتە قۆناغێکی پێشکەوتوو کە توانای دەربڕینی وردترین شتەکانی هەبێت، خۆی زەنگین و ڕەنگاوڕەنگ بکات و خاوەنی شێوازی داڕشتنی ئەدەبی تایبەت بەخۆی بێت، زۆرترین ئستورەی تێدا بەرهەم دێت و فراوان دەبێت، بەجۆرێک ئستورەی تێدا لەدایک دەبێت و دێتە بەرهەم، کە لە سەرووی زیادی باوەڕە ئاینیەکانەوە دەبێت. لەکۆتاییدا ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانی جۆرێک لە ئستورەکان بۆ ئەدەبی دونیایی و لە پەراوێزی ئایندا دادەنرێت و پەیوەندی پێوە ناکات.
لە کۆتاییدا باوەڕ، ڕێوڕەسم و ئستورە، پێکهاتەی سەرەکی ئاینن، ناتوانین دیاردەی ئاین لە ڕواڵەتە کۆمەڵایەتیەکەدا بناسین، بەبێ هاوکاری ئەمانە، حاڵەتی نمونەیی ئەو حاڵەتەیە کە هیچ کام لەم سێ توخمە زاڵ نەبێت بەسەر ئەوی دیکەیان، بەڵام لە واقعدا بە دەگمەن ئەم لایەنە هاوسەنگ دەبن، لە زۆربەی ئاینەکاندا یەکێک لەم سێ توخمە باڵادەستترە.
Comments
Post a Comment