لافاوە مەزنەکە

 لافاوە مەزنەکە:

لە ئستوڕەی ئەتراحاسیسەوە

وەرگێڕانی:شەهلا حوسێن

ئستوڕەی ئەتراحاسیس دەقێکی بابلیە، مێژووەکەی بۆ نزیکەی 1700 پ.ز دەگەڕێتەوە. کۆپییەکی ئەم ئستوڕەیە لە کتێبخانەکەی ئاشوربانیباڵ لە 668-633پ.زدا لە پایتەختی ئاشوریەکان لە نەینەوا هەڵگیرابوە، کە وەرگێراوی دەقە بابلیە کۆنەکە بووە، لەگەڵ هەندێک دەستکاری لە ڕووداوەکانیدا، لە ڕووی شێواز و وشەسازیدا.

لە دەقە کۆنە بابلیەکەیدا ناوی نوسەرەکەی هاتووە بەناوی(نور-ئایا)، لە مانگی ئایاردا و لەو ساڵەی پادشا ئامی سادوقا چووە سەر تەختی پادشایەتی، پێدەچێت نور ئایا کاری لەسەر دەستکاری کردن و کۆکردنەوە و دووبارە داڕشتنەوەی چەند دەقێکی کۆندا کردبێت کە لەدەوری چەند بیرۆکەیەکی ئستوڕەیی دیاری ئەدەبیاتی سۆمەری دەسوڕێتەوە، تێکەڵ بە ئەدەبیاتی بابلی کردووە. لافاوە مەزنەکە خوداوەندەکان دروستیانکرد بۆ لەناوبردنی مرۆڤ و ژیان، پاش زۆربوونی ژمارەیان کە بوونە هۆی بێزاری بۆ خوداوەندەکان.

ڕووداوەکانی ئستوڕەکە باسی سەردەمی سەرەتای پرۆسەی بوون و ئافراندن دەکات، کاتێک ئانۆناکیەکان و خوداوەندە مەزنەکان لەنێو خۆیاندا سێکوچکەی گەردوون، کە دەکاتە ئاسمان و زەوی و قوڵاییە ئاوییەکانیان بەشکرد. وە کاری بێگاری و ڕەنج و زەحمەتیان دا بەسەر شانی خوداوەندانی زەوی (ئیجیجی)ـەکاندا سەپاند.

ئستوڕەکە بەم جۆرە دەست پێدەکات:

دەمێک خوداوەندەکان هەر وەکو مرۆڤەکان بوون

کاریان دەکرد، و ئەو ئەرکەیان لە ئەستۆدا بوو

کارەکەیان قورس و گران بوو، هەموو زرنگی وانی بردبوو

حەوت ئانۆناکیە مەزنەکە

ئەو ئەرکەیان بەسەر ئیجیجیەکاندا داسەپاند

باوکە ئانۆ سەرگەڤار بوو

ئەنلیلی جەنگاوەر ڕاوێژکاربوو

ننورتا پاسەوان بوو

ئیوگی بەرپرسی ڕێساکان بوو

تەرازووەکەیان هێنا بۆئەوەی شتەکان بەش بکەن لەنێوان خۆیاندا

تەرازووەکەیان دانا و هەریەک بەشێکی بۆ دانرا

ئانۆ بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان

زەوی بەر ئەنلیل کەوت

دەری مەزنی قایمکردنی دەریاکان درا بە ئەنکی

دوای ئەوەی ئانۆ بۆ ئاسمان بڵند کرایەوە

وە ئەنکی بۆ قوڵایی ئاوەکان ئاپسۆ دابەزی

ئانۆناکیەکان خوداوەندە مەزنەکانی ئاسمان

باری قورسی کارکردنیان بەسەر ئیجیجیەکاندا سەپاند

خوداوەندەکان کەناڵە ئاوییەکانیان لێدا

درز و کەلێنەکانی سەر ڕووی زەوی و چۆمەکانیان پاکژ کردەوە

ڕێڕەوی هەردوو ڕوباری دیجلە و فوڕاتیان هەڵکەند

دواتر..........فورات..........

(هەندێک لە دێڕەکان شێواون تا دەگاتە کاری ئیجیجیەکان (

ژمارەی ساڵەکانی ڕەنجی خۆیان ژمارد

گەیشتە نزیکەی 3600ساڵ کە بەرگەی سەختی و کارکردنی قورسیان گرتووە

شەڤ و ڕۆکێ بێ وچان ئەم بارەیان بەسەر شانەوە بوو

دەردەدڵ و گلەییان بۆیەک دەکرد

.........................

لەکۆتایدا ئیجیجیەکان بڕیاریاندا ئەوە قبوڵ نەکەن و یاخی ببن و ئیدی کار نەکەن، بۆیە هەرچی کەرەسەی کارەکانیان بوو، سوتاندیان و ڕاپەڕین. نیوە شەڤ بوو  شاری ئیکوریان گەمارۆدا، کە کۆشکی ئەنلیل لەوێ بوو، خوداوەند لە قوڵایی خەودا بوو:

ئیکور گەمارۆدرا و ئەنلیل بێ ئاگابوو

بەڵام گلگاڵ وشیار بوو، دەرییەکانی قایم کرد

دەرگاواز چوو چاودێری دەروازەکە بکات

گلگاڵ، نۆسکۆی بەخەبەر هێنا

چوون گوێ بۆ ژاوەژاوی ئیجیجیەکان بگرن

نۆسکۆ چوو گەورەکەی ئەنلیلی هۆشیار کردەوە

پێی گوت

گەورەم، کۆشکەکەت گەمارۆ دراوە

یاخی بوون گەیشتە بەردەم قاپیت

بەڵێ ئەنلیل کۆشکەکەت گەمارۆ دراوە

یاخی بوون گەیشتە بەردەم قاپیت

ئەنلیل فەرمانی کرد بە خۆپڕچەککردن، ناردی بەشوێن ئانۆناکیەکاندا بۆ کۆبوونەوە بۆئەوەی تاوتوێی ڕووداوەکە بکەن، بڕیاریاندا بەناردنی نۆسکۆ بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ یاخیبووەکاندا و گوێگرتن لە داواکاریەکانیان، نۆسکۆ دەریەکەی کردەوە، چەکەکانی لەگەڵ خۆیدا برد، چووە لای خوداوەندە یاخیبووەکان و قسەی ئانۆناکیەکانی  خستەڕوو بۆیان.

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە:

هەریەک لە ئێمەی خوداوەند جەنگمان ڕاگەیاندووە

کۆتاییمان بە کاری بێگاری هێنا

باری قورس و گران، تەفروتونامان دەکات

کارەکانمان قورسە و هەموو هۆشی بردووین

بۆیە بڕیارماندا دەنگی ناڕەزایی بگەێنینە ئەنلیل

نۆسکۆ گەڕایەوە و داواکاری ئیجیجیەکانی بە ئانۆناکیەکان ڕاگەیاند، ئەنلیل بەوە کاریگەربوو فرمێسک بە چاویدا هاتەخوارەوە، ئیتر خوداوەندەکان لەنێوان خۆیاندا گفتوگۆیانکرد بۆئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە، ئەییا(ئەنکی) لە نێوانیاندا هەستایە سەرپێ و گوتی:

بۆچی سەرکۆنەیان بکەین

بەڕاستی کاریان قورسە و هۆشی بردوون

هەموو ڕۆژ لەسەر زەوی سەرقاڵن

هەموو ڕۆژ گوێمان لە دەنگیانە کە ئاگادارمان دەکەنەوە

خوداوەندی منداڵدان پیلیلیت ئێلی(مامی) لەنێوماندا ئامادەیە

با لالۆ(مرۆڤی فانی) دروستبکات

بۆئەوەی ئەو ئەرکە بخاتە ئەستۆی خۆی

با مرۆڤ ئەم بێگاری و ئەرکە قورسە لەسەر خوداوەندەکان لابدات

خوداوەندەکان ڕوویان کردە مامی دانا و گوتیان:

تۆ خوداوەندی زاگەیت، دروستکەری ڕەگەزی مرۆڤیت

لالۆ(مرۆڤی فانی)دروست بکە، بۆئەوەی ئەو کارانە بکات

با باری ئەرک و ڕەنج  بکێشێت

بۆئەوەی ئەرک و کاری خوداوەندەکان هەڵگرێت

ننتۆ(مامی) ڕوویکردە خوداوەندە مەزنەکان و فەرمووی:

من بۆم نیە بەتەنها ئەو کارە بکەم

دەبێت بە هاوکاری ئەنکی ئەو کارە بکەم

کە هەموو شتێکی پاک دەئافرێنێت

با قوڕێکم پێ بدات، من دەیشێلم

لە ڕۆژی پانزدە و حەڤدەی مانگدا

شوێنێکی پاکژ ئامادە دەکەم

لەوێدا یەکێک لە خوداوەندەکان سەردەبڕین

خوداوەندەکان خوێنەکەی بگرنەوە

دواتر قوڕەکە لەگەڵ خوێن و گۆشتەکەی دەشێلم

ئەوجا تێکەڵەیەک دەبێت لە مرۆ-خودایی

هەردووکیان بە قوڕەکەوە ئاوێتە دەبن

تا کۆتایی کارەکەم دەهۆڵەکان هەر بکوترێن

ڕۆحی مرۆڤ لە جەستەی خوداوەندەوە دروست دەبێت

بۆئەوەی فێری ژیان ببێت

بۆئەوەی ڕۆحی مرۆڤ بنەڕەتی خۆی لە یاد نەکات

هەمووان لە ئەنجومەنەکەدا پێکڕا گوتیان:بەڵێ

خوداوەندانی ئانۆناکی چارەنوسسازیش گوتیان:بەڵێ

مامی قوڕەکەی شێلا و کردی بە چواردە پارچەوە، حەوت پیاو و حەوت ژنی لێ دروستکرد، بەدەم دروستکردنیانەوە ئەو نزا و جادووەی دەخوێندەوە کە ئەنکی فێری کردبوو. کاتێک لەکارەکەی بویەوە، بە هاوکاری خوداوەندانی منداڵبوون، بە خوداوەندەکانی فەرموو:

ئێوە ئەرکێکتان پێ سپاردم و منیش بە تەواوی جێبەجێم کرد

ڕزگارم کردن لە ڕەنج و کاری گران

ئەوە مرۆڤە، ئەوە لەئەستۆ دەگرێت

بانگەوازیتان بۆ مرۆڤ بوو

ئەو تەوقەم لەسەر لابردن و ئازادم کردن

ئەوانیش کاتێک ئەوەیان بیست

بەدەم قاچ ماچکردنیەوە گوتیان:

ئەی مامی ئیدی پەنات بۆ دەهێنین

ئیتر ناوت دەکەین بە شاخاتوونی هەموو خوداوەندەکان

ژمارەی مرۆڤەکان زۆر بوون و بەزەویدا بڵاوبونەوە، کەناڵە ئاویەکانیان لێدا، چاندنیان کرد، پەرستگەیان بۆ خوداوەندەکان بیناکرد، و قوربانیان پێشکەشکردن.

شەش سەد ساڵ تێپەڕی و کەمتر لە شەش سەد ساڵی دیکە

شارەکان فراوان بوون و ژمارەی مرۆڤەکان زیادیان کرد

تا وایلێهات خوداوەندەکانیان نیگەران کرد، بە دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەکانیان

کاتێک ئەنلیل ژاوەژاوەکانیانی بیست، بە خوداوەندە مەزنەکانی فەرموو:

ژاوەژاوەکانیان بێتاقەتم دەکات

دەنگەدەنگیان خەوی لێ تۆراندوم

فەرمان دەکەم نەخۆشی تاعوت لەناویان بەرێت

(سێ دێڕ شێواون)

پیاوێک هەبوو بەناوی ئەتراحاسیس

گوێچەکەکانی سوک و کراوەبوون بۆ گوێبیستی دەنگی خوداوەند ئەنکی

دەیتوانی لەگەڵیدا بدوێت

خوداوەندیش دەیدواند

ئەتراحاسیس  بەخوداوەندی گوت:

تاکو کەی خوداوەندەکان ئەم نەخۆشی و ئازارەمان بەسەردا دەسەپێنن؟

ئەنکی بە بەندەکەی فەرموو:

بچۆ هەرچی ڕیشسپی و پیاوماقوڵە کۆیانکەرەوە

ڕاپەڕن

فەرمان بدەن و بڵاوی بکەنەوە

تاکو بە هەموو شاردا دەنگتان بڵاو بێتەوە

بڵێن:

ڕێز لە خوداوەندەکانتان مەگرن

نوێژیان بۆ مەکەن

تەنها ڕوو بکەنە خوداوەند نمتار(خوداوەندی تاعون)

قوربانی و نانی پێشکەش بکەن

بەڵکو قوربانیەکە دڵی نەرم بکات

 تەریق ببێتەوە و دەستان لێ هەڵبگرێت

نمتار دەستی لەسەر مرۆڤەکان هەڵگرت، نەخۆشی تاعون بنەبڕبوو، ژیان گەڕایەوە و ژمارەی مرۆڤەکان زیادیان کرد. شەش سەد ساڵ تێپەڕی و کەمتر شەش سەد ساڵی دیکە. جارێکی تر خوداوەندەکان لە دەنگە دەنگ و ژاوەژاوی مرۆڤەکان بێزاربوون، ئەنلیل بە خوداوەندەکانی فەرموو:

ژاوەژاوەکانیان بێتاقەتم دەکات

دەنگەدەنگیان خەوی لێ تۆراندوم

سەرچاوەی سەرەکی خۆراکیان لێ دەگرمەوە

با ئیدی دەغڵ و دان کەم بێتەوە و تێریان نەکات

با ئەددەد(هودەد) ئیتر بارانیان بۆ نەبارێنێت

لە خوارەوەڕا سەرچاوە ئاوییەکان کەمبکەنەوە و تێنەڕژێنەوە

با گەردەلول هەڵبکات و زەوی وشک بکاتەوە

چیتر هەورەکانیش باران دانەبارێنن

کێڵگەکانیش بەپیتی خۆیان لەدەستبدەن

خواژن نیسیابا(دایکی زەوی) مەمکی بەپیتی خۆی داپۆشێت و لێیان بگرێتەوە

بۆئەوەی شادیان لێ بتۆرێت

جارێکی دی ئەتراحاسیس ڕوودەکاتە ئەنکی، باس و گلەیی لەو قات و قڕیە دەکات کە بەرۆکی گرتون. داوای لێدەکات ئامۆژگاری بکات و تێی پەڕێنن، ئەویش دەبێژێت:

 تەنیا ڕوبکەنە خوداوەند ئەددەد بەرپرسی باران، و قوربانی پێشکەش بکەن:

ڕێز لە خوداوەندەکانی دی مەگرن

نوێژیان بۆ مەکەن

تەنها ڕوو بکەنە خوداوەند ئەددەد

وەکو قوربانیی نانی پێشکەش بکەن

بەڵکو قوربانیدان بە ئارد شادی بکات

ئەویش لەو دیاریە تەریق بۆیەوە و دەستی لێ هەڵگرتن

تاق بەیانیەکەی تەمومژی بۆ ناردن

تاق ئێوارەکەی ئاونگی بۆ ناردن

کێڵگەکانیشیان نۆ هێندەی خۆیان بەپیتی بۆ گەڕایەوە

ئیدی کۆتایی بە وشکە ساڵیەکە هات

 مرۆڤەکان گەڕانەوە سەر دۆخی پێشووی خۆیان، چونەوە سەر ژیان و باری ئاسایی و دەستیان کرد بە زۆربون، بەهەمان شێوە هەمان ڕووداو دووبارە بۆیەوە. ‌ئەنلیل بە کارەساتی سروشتی جۆراوجۆر هەڕەشەی لێدەکردن، بۆئەوەی بەر بە ژمارەی زۆربونی مرۆڤ بگرێت:

لە سەرەوەڕا باران نابارێت بۆ ئەوەی کەناڵە ئاویەکان پڕ بکات

لە خوارەوەشڕا لە سەرچاوە ئاویەکانەوە ئیدی ئاو هەڵناقوڵێت

زەوی زاگەی خۆی داخست. ئیدی نازێتەوە

گیاکانیش شین نابن و......

کێڵگە و لەوڕگەکان وشک بون

زەوی فراوان پڕبو لە شۆرەکات

ساڵی یەکەم لێیان خوارد

ساڵی دووەم عەمبارەکان بەتاڵ بوون

ساڵی سێهەم لە برساندا سەروسەکوتی ڕوخساریان گۆڕا

گەڕی هەر وەکو جۆ ڕوی داپۆشین

ژیانێکی مەرگەسات ئامێز ژیان

ڕەنگی مردوویان لێ نیشت

بە پشتی چەماوەوە بە ڕێگاکاندا دەڕۆیشتن

شانە پانەکانیان داچۆڕا

قاچە درێژەکانیان کورتەوە بون

بۆ جاری سێهەم ئەنکی مرۆڤایەتی ڕزگار دەکات. بەڵام شکاوی و لەناوچوون لەودێڕانەدا ڕێگرمان دەبن لە ئاگاداربون لە وردەکاریەکانی دوات. شەش سەد ساڵ تێپەڕی و کەمتر لە شەش سەد ساڵی دیکە، شارەکان فراوان بونەوە و ژمارەی مرۆڤەکان زیادی کرد، تاکو وایلێهات خوداوەندەکان لە ژاوژاوی مرڤەکان بێزاربون، ئەنلیل خوداوەندەکانی خڕ کردەوە و لە کۆبونەوەیەکدا پێی فەرموون:

ئەم مرۆڤانە ژاوەژاوەکانیان بێ تاقەتم دەکات

ژمارە و خێراییان، ئارامیم تێکدەدات

دەنگە دەنگیان خەوم لێ دەتۆرێنێت

خێرا فەرمان بدەن نەخۆشی شۆرۆپۆ و ئەشاکۆ لە نێوانیاندا بڵاو بێتەوە

هەر ئێستا نمتار سنورێک بۆ ئەم ژاوەژاوە دابنێ

نەخۆشی سەرئێشە و شۆرۆپۆ و ئەشاکۆ بڵاو بکەرەوە

هەروەکو ئەوەی گێژەڵوکە لێی دابن با گەردەلول ڕایان ماڵێت

بۆ جاری چوارەم  ئەتراحاسیس و ئەنکی ڕێگە چارەیەک بۆ چارسەریی پەتا لەناوبەرەکە دەدۆزنەوە. پاشان جارێکی دی ژیان دەگەڕێتەوە سەر باری ئاسایی خۆی. جارێکی دی ئەنلیل ئەنجومەنی خوداوەندەکان کۆدەکاتەوە فەرمان دەدات  سزا و بەڵای دیکە بەسەریاندا ببارێت. ئەمجارە دەڵێت:

دەست بنەنە بیناقاقای پێداویستیە سەرەکیەکانی مرۆڤەوە و بیبڕن

دەغڵ و دانەکانیان بێ بەرهەم بکەن

ئەددەد، کەمتر باران ببارێنە

با لە خوارەوەڕا تەقین و تێڕژانیان کەم بێتەوە

زەوی کورت بهێنێت و بەپیتیەکەی بکەم بێتەوە

خواژن نیسیابا سینگی داپۆشێت و لێیانی بشارێتەوە

کێڵگە ڕەشەکان سپی هەڵگەڕێن

ئەی زەوی، پڕبە لە شۆرەکات

خۆت نەزۆک بکە

نە گیا شین بکەیت و نە تۆوەکانت چەکەرە پێ کەیت

جارێکی دی نەخۆشی ئەشاکۆ لەنێوانیاندا بڵاو بکەنەوە

 زاگەی ژنان تەنگ ببنە و کۆرپەلەکان لەبار بچن

هەموو ئەمانە ڕوو دەدەن، ئەمجارەیان لە جارەکانی دی زیاتر مرۆڤەکان حاڵیان خراپتر دەبێت:

ساڵی یەکەم، گیاکانیان خوارد

ساڵی دووەم، عەمبارەکان بەتاڵ بون

ساڵی سێهەم، لە برساندا سەروسەکوتی شێوەیان گۆڕا

ساڵی چوارەم، مەڵاژویان کەوت

شانەکانیان داچۆڕا

بە پشتی چەماوەوە بەڕێگاکاندا دەڕۆشتن

لە ساڵی پێنجەمدا، کچ لە هاتنی دایکی دەسڵەمیەوە

وە دایکیش دەرگای لە کچەکەی نەدەکردەوە

دایک چاودێری تەرازووی کچەکەی دەکرد

کچیش چاودێری کێشانە و تەرازووی دایکی دەکرد

لە ساڵی شەشەمدا، کچەکەیان کرد بە خواردن

کوڕەکەشیان خوارد

هیچ نەمایەوە لە مرۆڤایەتی تەنیا هەزار بۆ دوو هەزار مرۆڤێک نەبێت.

کاتێک ئەتراحاسیس بە هاوکاری ئەنکی سەرکەوتوو دەبێت لە بەرپەرچدانەوە و تێپەڕاندنی کارەساتەکان(لەوە زیاتر وردەکاریەکان نازانرێت بەهۆی شکاوی و شیواوی دەقەکەوە)، جارێکی دی ئەنلیل پەنا دەباتە بەر چارەیەکی یەکلایی کەرەوە، بانگێشتی خوداوەندەکان دەکاتەوە بۆ ئەنجومەن و چارەسەریەکی دی دەخاتە بەردەمیان، کە ئەمیان پلانێکی تەواو نوێیە ئەویش بەناردنی لافاوێکی سەرتاسەری کە تەواوی ژیان لەسەر ڕووی زەوی مەحف بکاتەوە و بیسڕێتەوە...هتد

ئەتراحاسیس خەونێک دەبینێت، کە ئاگاداری دەکاتەوە لەوەی کارەساتێک بە ڕێوەیە. پەنای بردە لای ئەنکی تاوەکو بۆی شرۆڤە و لێک بداتەوە. خوداوەندەکان پێشتر بەڵێنیان لە ئەنکی وەرگرت کەوا ئەتراحاسیس لەوە ئاگادار نەکاتەوە و ئەو نهێنیە ئاشکرا نەکات، بەڵام ئەنکی خۆی ناگرێت و بەخێرایی دەچێتە لای ئەتراحاسیس و لە پشتی دیواری کوخەکەیەوە بانگی دەکات و ئاگاداری دەکاتەوە و پێی دەڵێت:

مرۆڤی پشتی دیوارەکە، گوێم بۆ ڕادێرە

 ئەی کوخی قامیشەڵان، وشەکانم ببیستە

ڕابە خانووەکەت تێک بدە و کەشتیەک دروست بکە

واز لە کەل و پەلەکانت بێنە، زیندەوەرەکان ڕزگار بکە

ئەو کەشتیەی کە دروستی دەکەیت

(دوو دێڕی شێواوە کە پێکهاتووە لە فەرمایشتەکانی ئەنکی)

هەروەکو ئاپسۆ بنمیچی بۆ دروست بکە

مەهێڵە تیشکی خۆر لە ناوەوەی بدات

نهۆمی سەرەوە و نهۆمی خوارەوەی بۆ دروست بکە

کەتیرەی پتەوی لێبدە بۆئەوەی بەرگریەکەی بەهێزبێت

گوریسەکانی توند ببەستە

بەم نزیکانە باران دەتانگرێتەوە و دەبارێت

باڵندە و ماسیەکی زۆرت لەبۆ دەنێرم

سەعاتە لمینەکەت پڕبکەرەوە

پێیان ڕەگەێنە لافاوەکە ماوەی حەوت شەو دەخایەنێت

ئەتراحاسیس پەیامەکەی وەرگرت و بڵاوی کردەوە

هەموو پیاو ماقوڵ و ڕیش سپیەکانی کۆکردەوە

گوتی: یەزدانی من هاوپەیمان نیە لەگەڵ یەزدانی ئێوە

ئەنکی و ئەنلیل مشتومڕیانە

ئەنجامی ئەوەش وەدەرنانمە لە زەویەکەی خۆم

چونکە من زۆر دەمێکە ڕێزی ئەنکی دەگرم

ئەو ئەمانەی پێ ڕاگەیاندوم

ئێستا ئیتر بەدواوە ناتوانم لەسەر زەویەکەی ئەنلیل بژیم

ناتوانم پێ لەسەر ئاخی ئەنلیل دابنێم

دوای ئەمە چەند دێڕێکی شێواو و ناتەواو دێن کە ماناکەی بەجوانی ناداتە دەستەوە، بەڵام ئەوەی لێدەکڕێنرێت کەوا خەڵکی ئەو شارە هاوکاری ئەتراحاسیسیان کردووە لە دروستکردنی کەشتیەکەدا، هەرچی کەلوپەلی خۆی، خێزانەکەی، پێداویستیەکانیان و ڕەگەزی  ئاژەڵە جۆربەجۆرەکانە لە باڵندە و زیندەوەر و خشۆکەکانی تێدا بارکرد. دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی باڵی بەسەردا کێشابوو هەر دەهاتوو دەچوو ئارامی لێ بڕابوو، بە دڵشکاویەوە تاڵاوی دەچەشت:

ئاسمان توڕەبو و ڕووی گۆڕا، کەش و هەواش هەڵبەز و دابەزی دەکرد

ئەددەد چووە ناو هەورەکانەوە

لەو کاتەدا ئەتراحاسیس دەنگی ئەوی بیست

هاتە ژورەوە و دەرگاکەی قایم کرد

ئەددەد هەورەکانی دەدا بەیەکدا

بایە توڕەهاتەکان لە دەرەوەڕا گیڤەیان دەهات

ئەتراحاسیس گوریسی کەشتیەکەی بڕی و بەرەڵای کرد

(دوای ئەمە هەندێک دێڕ شێواون)

باڵندە خوداییەکە ئانزۆ ئاسمانی هەڵقڵیشاند

زەوی ڕاوەشاند و پڕی کرد لە لەرزە و هاوار هەروەکو دەفرێک کاتێک بە زەویدا دەکێشرێت

.................لافاو هەستا

چەکی کاشۆشۆ پەلاماری خەڵکی دا

هەموویانی کوێرکرد

لەو کارەساتەدا یەکتریان بۆ جوێ نەدەکرایەوە

هەروەکو گای کێوی، لافاو هێرشی بۆ هێنان

هەروەکو زەڕینی گوێدرێژ، گیڤە گیڤی با دەستی پێکرد

تاریکی باڵی کێشا و ڕووناکی خۆری شاردەوە

(هەندێک دێڕ شیواون)

لێرەدا خواژن ننتۆ(مامی) پەشیمان دەبێتەوە و شێوەن و ڕۆ بۆ مرۆڤەکان دەگێڕێت. ئانۆناکیەکان دانیشتن و هەڵپڕوکان لە تینوێتی و برسێتیدا، چونکە ئیتر مرۆڤەکان قوربانیان پێشکەش ناکەن، ئەوانیش چونە پاڵ مامی و شیوەنیان گێڕا و دەگریان، دوای پچڕان و شێواوی لە دەقەکەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کەوا کەشتیەکە لە شوێنێکی بڵند و وشکدا پاش حەوت شەو لەنگەری گرت، ئەتراحاسیس لێوەی دەردەچێت، قوربانیەک دەکات، ئاگری پێوە دەنێت و پێشکەش بە خوداوەندەکانی دەکات. کە خوداوەندەکان بۆنی قوربانیەکە چووە لوتیانەوە هەر وەکو مێش بەسەریدا کەوتن. پاشان ئەنلیل ئامادە بوو:

کاتێک ئەنلیل چاوی کەوتە سەر کەشتیەکە

خەشم و توڕەیی خۆی بەسەر ئیجیجیەکاندا داباراند

فەرمووی:

ئێمەی خوداوەندانی ئانۆناکی

سەرجەممان بەڵێنمان بەیەکدابوو

وا ڕێکەوبوین کە نابێت کەس دەربازی ببێت

 ئەمانە چۆن لەو کارەساتەدا دەرباز بوون؟

ئانۆ بە ئەنلیلی جەنگاوەری فەرموو:

جگە لە ئەنکی کێ هەیە بوێری ئەو کارەی هەبێت؟

پلانەکەی بۆ کوخە قامیشەڵانەکە ئاشکرا کرد

ئەنکی هەستایە سەرپێ و بە خوداوەندە مەزنەکانی فەموو:

بەڵێ من بووم

کارێکی وام کرد کە تۆوی ژیان بپارێزم!

تەواوکەری گوتارەکەی ئەنکی لەناوچووە، بەڵام لەو دێڕانەی بۆمان ڕۆشن دەبێتەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەنکی ناخوازێت مرۆڤ و ژیان لەناو بچێت، بەڵکو داوا دەکات سزای تاوانباران بدرێت و سزاکەی وەربگرێت و پاک و بڕواداران ببەخشرێن....، دێڕەکانی کۆتایی کە ماونەتەوە باسی ئەنلیلە، باس لەوە دەکات پێشنیارێک ئاراستەی ئەنکی و ننتۆ دەکات، پێویستە پێوەی پابەند بن و جێبەجێی بکەن. ئەویش ئەوەیە بەشێوەیەکی خۆکارانە ژمارەی مرۆڤەکان کەم ببێتەوە بێ ئەوەی پێویست بە ناردنی کارەساتی گشتگیر و سزای بەئێش بکات:

ئەنلیل ڕووی کردە ئەنکی و پێی فەرموو:

دەی، ننتۆ خواژنی زاگە بانگ بکە

لەنێو ئەنجومەندا پرس و ڕای لەگەڵدا ئاڵوگۆڕ بکە

ئەنکی ڕویکردە خواژن ننتۆ و پێی فەرموو:

تۆ خانمی زاگەی و بڕیاردەری چارەنوسەکانیت

سێیەکی مرۆڤەکان..................

سێیەکەکەی دیکەیان با..................

ئینجا سێیەکیان با..................

لە نێوانیاندا ژنێکیان منداڵبوە و ژنێک نەزۆک بێت

دەبێت لەنێویاندا عفریتی پاشیۆ هەبێت

کە منداڵ لە باوەشی دایکیدا دەخنکێنێت

لەنێو ژناندا ژنی جۆری ئەچپاپتۆ و ئینتۆ و ئیحیسیتۆ هەبێت

کە نابێت هاوسەرگیری بکەن و نەزۆک بن

دوای ئەم دێڕانە زیاتر لە سی دێڕ شێواوە، دەقەکە بە تەرتیلەیەکی کورتی ستایشی بۆ ئەنلیل کۆتایی دێت، سەرجەم دێڕەکانی ئستوڕەکە ژمارەیان 1245 دێڕ دەبێت. بەڵام بەداخەوە زۆریان لەناوچوون. بیرۆکەی سەرەکی لەو دەقەدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە، چۆنیەتی کەڵکەڵەبونی بیرۆکە و هزری ئاینی لای مرۆڤی ئەو سەردەمە، ئاوێتەبونی  جیهانی خوداوەندەکان بە جیهان و مرۆڤ و سروشتەوە بە چ بیرۆکەیەکی تیژ و لێزانانە بووە، لە دەقێکی ناوازەی ئستوڕەیدا پشکەشکراوە. هەر لەسەرەتاوە خوداوەندەکان لە چوارچێوەی سیستمێکی وردی چینایەتی بەدی دەکەین، لەوێدا خوداوەندانی ئانۆناکی خوداوەندانی ئاسمان کە ژمارەیان حەوتە، خۆیان بە پلە باڵاتر لە ئیجیجیەکان خوداوەندانی زەوی دەبینی. وە بڕیار و پرسەکان بەسەرکردایەتی ئانۆ لە ئەنجومەنی خوداوەندەکاندا تاوتوێ دەکرا، وا دەردەکەوت پشت بە ڕای زۆرینە دەبەسترێت بەڵام یەکێکی وەکو خوداوەند ئەنکی دەیتوانی بەتەنها خۆی گۆڕان لە بڕیارەکاندا بکات و بەتەنها بڕیار بدات، ئەوا ململانێی خواست و ویستەکانی یەکتری هەر دەبوو، سەرەڕای ئەم پلەبەندیەش.

لەسەرەتادا هیچ پێویستیەک بۆ دروستبونی مرۆڤ نەبو چونکە خوداوەندانی ئانۆناکی ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتیەیان خستبۆیە ئەستۆی ئیجیجیەکان، بەڵام شۆڕش و یاخی بونی ئیجیجەکان پاڵی پێوەنان وا پێوست بکات مرۆڤ دروستبکرێت و ئەو ئەرک و کارە بەو بسپێردرێت و لەسەر شانیان هەڵیبگرن. ئەم مرۆڤە سەرەڕای ژیان کورتی و لاوازیەکەی هەڵگری ڕۆحی خوداوەندە لە لاشەیدا، لێکچویەکی نزیک هەیە لەنێوان خۆی و خوداوەندەکاندا. کە لە قوڕی زەوی و گۆشت و خوێنی خوداوەندێکی بەقوربانیکراو دروستبووە، هەر لەبەر ئەم هۆیەیە دەبێت قوربانی پێشکەش بە خوداوەندەکان بکات. بیرۆکەی خوداوەندیەتی لە مرۆڤدا فتڕیە و مرۆڤەکان دەبێت ببن بە بەندەی خوداکان، پێویستی خوداوەندەکان بە مرۆڤەکان هیچ کەمتر نیە لە پێویستی مرۆڤەکان بە خوداوەندەکانەوە، هەر بۆیە ئەوان لەڕێگەی سروت و پەرستش و بونیاتنانی پەرستگە و قوربانیکردن بۆیان ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە کە ئەنجامەکەی ژیان و بەردەوامی بە مرۆڤەکان دەبەخشێت. بەپێی دەقەکە (ژاوەژاو و دەنگە دەنگ)یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی چالاکی مرۆڤ، کە هێمای دەسکەوتی شارستانی و ڕۆشنبیری و کولتووریە. ئەم ڕووداو و کارەساتانەی نێو دەقەکە بەسەر مرۆڤدا، ڕزگاربوونی لێی و دوبارە بونەوەی، دەرخەری ململانێی و تەسلیم نەبونە لەنێوان خوداوەندەکاندا.

دەقی لافاوەکەی بابل زۆر لە هاوشێوەی دەقی نێو داستانەکەی کەلگامێش دەچێت. کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1872دا دوزراوەتەوە و لە لایەن جۆرج سمیس کۆدەکانی کردەوە و توانی بیخوێنێتەوە، گەیشت بە کردنەوەی کۆدی تاتەکانی یەکێک لە بەرهەمەکانی نێو کتێبخانەی ئاشور بانیباڵ، سەری سوڕما! بۆی دەرکەوت کەوا چیرۆکی لافاو لێکچونێکی زۆری هەیە لەگەڵ چیرۆکی نێو دەقەکانی تەورات. زۆر توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە کراوە بۆیان دەرکەوتوە کە چیرۆکی زۆر کۆنتریش لە چیرۆکی دەقی تەوراتیەکەش هەیە، ئەم مشتومڕە لەنێوان توێژەران و لێکۆڵەرانی بواری مێژوو و شوێنەوارناسی و جوگرافیاناسی و...هتد هەر بەردەوام بوو. هەندێک پێیان وابوو ڕوودانی لافاوەکە تەنها لە شوێنێکی دیاریکراوی دۆڵی دوو ئاوان ڕوویداوە، ئەمە بۆتە هۆی ئیلهامی ئستوڕەکە و گشتگیر کراوە و لە هزری دەستەجەمعی خەڵکیدا ماوەتەوە.

دواتر لە سەدەی بیستەمدا هەڵکۆڵینێکی ئارکیۆلۆژی بۆ ئەو ناوچەیە کرا واتا لە ئوری سۆمەری، شوێنەوارناس لیۆنارد ولی  تاتە قوڕینێکی دۆزیەوە کە درێژیەکەی لە مەترێکەوە بۆ دوو مەتر دەبوو، باسی لافاوەکانی تێدا کراوە، بەڵگەیەکی دۆزییەوە لەسەر بونی لافاوێکی مەزن کە سەرجەم دۆڵی دووئاوانی گرتۆتەوە. پاش کنە و لێکۆڵینەوە چەندان بەڵگەی تر لەسەر بونی لافاوێکی مەزن دۆزراوەتەوە لە ئورک و شروپاک لە بەشی باشور و لە باکوریشیدا لە نەینەوا ڕویداوە، ئەوەش پێمان دەڵێت بەدڵنیاییەوە لافاوێکی مەزن ڕویداوە.

لافاوی سۆمەری

لەدەقە ڕەسەنەکەوە:

بنەڕەتی دروستبونی چیرۆکە ئستوڕەییەکانی سەبارەت بە لافاو سەرچاوەکەی بۆ چیرۆکە سۆمەرییەکە دەگەڕێتەوە، کە دەقی لافاو لە پاشماوەی شاری نەفەری سۆمەریدا دۆزراوەتەوە. ئەمە دەبێتە هەوێنی چیرۆکە ئستوڕەییەکانی پاش خۆی، وەکو بابل و سوریا و شارەکانی گریک و کتێبی تەورات، شێواوی و تێکچونێکی زۆر لە تاتە قوڕینە بەڵگەدارەکەدا هەیە، سەرەڕای شێواوی و کەموکوڕی لە لاشەی تاتەکە، بەڵام باس و بیرۆکەی سەرەکی تێیدا لە سێ خاڵدا خۆی دەنوێنێت:

1.                بە بڕیارێکی خوداوەندانە، فەرمان بە لەناوچون و وێرانکردنی زەوی دەردرێت بە ناردنی لافاوێکی مەزنی بێ ڕەحم کە زەوی ڕاپێچی نەبوون بکاتەوە.

2.                هەڵبژاردنی مرۆڤێک و ڕزگارکردنی بڕێک لە مرۆڤ و ئاژەڵ و زیندەوەران.

3.                کۆتایی هاتنی لافاو، و بەردەوام بونی ژیان و ئاوابونێکی نوێ، بە بەشداری مرۆڤ و ئاژەڵەکان.

شێواویەکە ڕێگریمان لێدەکات بە گەیشتنمان بیرۆکەیەکی ڕوون لەسەر ڕووداوەکان.بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە ڕوون دەبێتەوە و بتوانین لێی تێبگەین ئەوەیە، باس لە دروستکردنی مرۆڤ و دەرکەوتنی پێنج شارە ئەوانیش:ئەریدۆ، بادیتێرا، لاڕاک، شروپاک و ئورک، کە سەنتەری یەکەمی شارشتانی سۆمەری بون. دوایی دابەشکردنی ئەم شارانە بەسەر پاڵەوان و پادشاکاندا، دەقەکە جارێکی دی دەشێوێتەوە، لە ڕونبونەوەکەیدا ئەوە دەبینین کە خوداوەندەکان بڕیاری لەناوبردنی مرۆڤیان داوە بە ناردنی لافاوێک، سەرتاسەری زەوی بگرێتەوە. لەوێدا هەندێک خوداوەند هاوڕانین و دژی بڕیارەکە دەوەستنەوە، ئینانا خوداوەندی عەشق و بە پیتی، شێوەن و ڕۆ دەگێڕێت بۆ پاشەڕۆژ و چارەنوسی مرۆڤەکان دەگرێت، ئەنکیش خوداوەندی دانایی و ئاوی شیرین ئەویش پەیوەستی بڕیارەکە نابێت و مەیلی لێ نیە مرۆڤ و ژیان لەناو بچێت بەڵکو هەوڵدەدات تۆوی ژیان بپارێزێت لەسەر ڕووی زەوی. پەیوەندی بە زیۆسیدراوە دەکات، کە مرۆڤێکی باوەڕدار و پاک بوو، لە پشتی پەردەوە دەیدواند، ڕاز و نهێنی خوداوەندەکانی پێ ڕادەگەیاند و پلانەکانی بۆ دادەڕشت کە چۆن ژیان ڕزگاربکات، فێری دەکات بە دروستکردنی کەشتیەک و بارکردنی مرۆڤە باوەڕدار و چاکەکان هەروەها ئاژەڵان، دوای ڕووداوەکە دەقەکە باس لە قوربانیەکەی زیۆسیدرا دەکات بە سەربڕینی گایەک و بەرانێک، پێشکەشی خوداوەندانی دەکات، بەو کارەی پاداشت دەکرێت بە بەخشینی (نەمری) و خستنە ناو زەوی دەلمۆنەوە کە دەکاتە بەهەشتی سۆمەری بۆ هەتاهەتایە.

چیرۆکی لافاوە مەزنەکە لە داستانی کەلگامێشدا هەرواوە تر باسکراوە، کە لەسەر زاری پاڵەوانی لافاوەکە(ئۆتناپشتیم) دێتە باس، کاتێک کەلگامێش لە کۆتایی گەشتەکەیدا بەشوێن نەمری و هەرمان دەگات بە ئۆتناپشتیم و پرسیاری لێدەکات سەبارەت بە نهێنی ژیان و مردن، کە ئەو چۆن توانی بگات بە نەمری جیاواز لە مرۆڤەکانی دی؟

ئۆتناپشتیم پێی گوت نەمرییەکەی چیرۆکێک بووە، هەرگیز دووبارە نابێتەوە، پاداشت بووە وەکو خەڵات پێی بەخشراوە لە ئەنجامی ڕزگارکردنی تۆوی ژیان بۆ مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی زەوی....

لافاوی تەوراتی:

ئەم بیرۆکە ئستورەییە سەبارەت بە لافاوەکە، لەنێو بیرەوەری دەستەجەمعی خەڵکیدا هەر باو بووە تا کاتی بەدیلگرتنی یەهوزا و هێنانی بۆ شاری بابل لە ساڵی 587پ.ز.  ئەمە دەرفەتێک بوو بۆ نوسەرانی تەورات و قۆستنەوە و لەبەرگرتنەوەی چیرۆکی لافاوە مەزنەکە بۆ نێو کتێبەکەیان و توانیان سودی لێ ببینن و لە سفری تەکویندا(بەشی پەیدابوون) تۆماری بکەن. پاش نۆ نەوە لە بەرەی توخمی ئادەم خراپەکاریەکانی مرۆڤ لە برەودابون لەسەر زەوی، خوداوەند پەشیمان بۆیەوە لە دروستکردنی مرۆڤ بڕیاریدا لەناویان بەرێت بەهۆی لافاوێکی مەزنەوە.

لەنێوان تۆمارە تەوراتیەکە و ئستوڕە بابلیەکەدا:

ئستوڕەکە لە هەردوکیاندا هەمان چیرۆکیان هەیە، تەنها کارەکتەرەکان و ڕووداوەکە بەپێی گونجاندنی ویست و مەبەستەکان گۆڕاوە لە تەوراتدا. بڕیاری ناردنی لافاوی مەزن لە دەقە بابلیەکەدا بە فەرمانی ئەنلیلە دوای ڕێکەوتنێکی بەکۆمەڵ خوداوەندەکان پێکەوە بڕیارەکە دەدەن، بەڵام لە تۆمارە تەوراتیەکەدا یەهوە بڕیارەکە بەفەرمانی خۆی و بەتەنها دەیدات و ئەنجومەنی خوداوەندەکان نەماون. دوای ئەوە هەریەک لە خوداوەند ئەنکی و خوداوەند یەهوە پیاوێکی بڕواداری چاکەکار و هەڵبژێردراو بۆ ئەو مەبەستە دیاریدەکەن، کە ڕزگاریکەر بێت لە جیاتی ئەوان، لای دەقە بابلیەکە هۆیەکەی بەهۆی دەنگە دەنگ و ژاوەژاوە بوە، بەڵام لە تۆمارە تەوراتیەکەدا بەهۆی خراپەکاری مرۆڤەکانەوەیە.

لێکچونێکی دی ئەوەیە ڕێنماییەکان بە بەندە پاکەکە دەدەن دەربارەی چۆنیەتی خۆ پاڵاوتن و ڕزگارکردن هەروەها بە درووستکردنی کەشتیەک بۆ ئەو مەبەستە.

پێویست بو ئۆتناپشتیم بڕێک لە خزمە نزیکەکان و کەلوپەلەکانی و ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵەکان لەگەڵ خۆیدا هەڵبگرێت، پێویست بو لەسەر نوح هاوسەر و منداڵ و بوکەکانی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرێت، هەروەها جوتێک لە هەر ئاژەڵێک، وەخواردن و خواردنەوەش.

بەڵام ئۆتناپشتیم لە نوح داناتر بو چونکە نوخبەیەک لە کارزان و پیشەوەرەکانیشی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتبو، بۆئەوەی دەستکەوتەکانی شارستانی لە لەناوچون بپارێزێت.

لە هەردوکیاندا دروستبونی لافاوەکە بە دوو هۆکاری سەرەکی ڕویداوە ئەوانیش باراناو و تەقینەوەی ئاوەکانی ژێر زەوی بوو. لە دەقە بابلیەکەدا لافاوەکە حەوت شەوی خایاندووە پاشان لەسەر شاخی نەسیر یا نیموش گیرساوەتەوە، بەڵام لە تۆمارە تەوراتیەکەدا چل ڕۆژی خایاندووە، پاشان لەسەر چیای ئارارات کەشتیەکە دەگیرسێتەوە.

پاش دابەزین لە کەشتیەکە و پێشکەشکردنی قوربانی بە خوداوەندەکان، ئەنلیل پاداشتی ئۆتناپشیتم و هاوسەرەکەی دەکات ئەویش نەمری هەتاهەتایی و نیشتەجێبونیان لە بەهەشتی دەلمۆن، بەڵام پاداشتەکەی نوح بەخشینی تەمەنێکی درێژە ئەویش 950 ساڵە.

ئەو بەڵێنەی یەهوە بە مرۆڤەکانی داوە و پێی گوتن کە هەرگیز جارێکی دی لافاوێکی وا نانێرێتەوە، لەڕێگەی پەلکە زێڕینەوە پیشانیان دەدات و نوێی دەکاتەوە وەکو یادهێنانەوەی پەیمانەکەی خۆی، ئەویش بەرامبەر گوتنەکەی خواژن عەشتارە کاتێک ملوانکە لازورتیەکەی بەرز کردەوە و گوتی:هەروەکو چۆن ئەم ملوانکە لازورتیەم لە گەردن کردووە و لە بیری ناکەم، ئاوهاش ئەو ڕۆژانە لەیاد نەکەم و هەمیشە یادیان دەکەم.

Comments

Popular posts from this blog

فەلسەفەی ئستورە لای فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک ڤێڵهڵم جۆزێف شیڵینگ

بونیادی ئاین، پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ئاین