فەلسەفەی ئستورە لای فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک ڤێڵهڵم جۆزێف شیڵینگ

 فەلسەفەی ئستورە لای فەیلەسوفی ئەڵمانی  فریدریک ڤێڵهڵم  جۆزێف شیڵینگ:

وەرگێڕانی:شەهلا حوسێن


 جوداوازییەکی زۆر هەیە، لەنێوان ئەوەی مرۆڤ ئستورە دابهێنێت، باوەڕی پێ بکات ، بیگێڕێتەوە و بڵاویبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی زانایش بێت بە مەبەست، هێما و سیمبولەکانی.

ئەگەر مرۆڤ هەر لەسەرەتا و دەستپێکی ئاگایی و هۆش کردنی خۆیەوە لەگەڵ ئستورەدا ژیابێت.ئەوا پێویستی بە ماوەیەکی دوورو درێژبوو بۆئەوەی بگوازرێتەوە بۆ کرداری شرۆڤەکاری ئستورە و، درک بە ڕیشکەکانی بکات. ئەگەر  لە ڕێگەی شاعیر و فەیلەسوفەکانیشەوە، درکی بەمە نەکردبێت، ئەوا ئەوەی بۆ ڕۆشن بۆتەوە کە بە بێ ئاگایی و هۆشیاریش بێت لە ئستورەدا مێژووی خۆی و بوونەکەی لە گەردووندا دادەڕێژێت. لەم چوارچێوەیەوە ئەوە ڕاستە لە ڕوانگە مێژووییەکەیەوە ئاگایی ئستورەیی پێشوەختە لەلای گریکەکان دەرکەوت. بەڵام ڕاستتر ئەوەیە میتۆدی ئەم ئاگاییە و گرێدانی بە مێژووی ئاگایی و ئەزموونەکانی مرۆڤەوە گەیشتە ترۆپک. هەر لە ڕێنیسانسی ئەوروپیەوە دەست پێدەکات تا سەردەمی ڕۆشنگەری. لەبواری ئەو بابەتەدا فەیلەسوفگەلێکی زۆر دەرکەوتن، بەرهەم و پەرتوکی زۆر گرنگیان لەمەڕ هۆشیاری ئستورەیی نوسیووە. دیارترینیان پەرتوکی(فەلسەفەی ئستورە)ـی فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک ڤێڵهڵم جۆرێف شیڵینگ ـە.

ئەم پەرتوکە هەر بەتەنها بەناوبانگترین بەرهەمی ئەو نەبوو، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین بەرهەمەکانیشی، بەشێوازی توێژینەوە و، شرۆڤەکاری، فەلسەفەی ئستورەی لەخۆ گرتووە. بەتایبەتی توێژینەوە دەربارەی درکپێکردن و هەستپێکردنی پێویستی مرۆڤ بۆ داهێنانی ئستورە. هەر لە کەڤناراوە  ئستورەی داهێناوە و کردوویەتی بە بەشێکی سەرەکی لە ژیان و مێژووەکەی. لە بەراییەکانی هۆشبوون و ئاگایی بەرایی مرۆڤدا، واتا پێش ئەوەی ئەقڵی مرۆڤ ئستورە دابهێنێت و، بگاتە بیرکردنەوەی ئاینی. مرۆڤ کۆمەڵە چیرۆکێکی داهێنا دواتر بارەوبارە بوو بۆ ئستورە.  بەتێپەڕبوونی کات بیرکردنەوەی مرۆڤ ڕۆشنبۆیەوه و پەیوەندی بە ئستورەوە گەشە پێدا. دواتر بەخێرایی بوو بە بەشێکی سەرەکی لە پێکهێنانی ئاگایی مرۆیی و مێژووەکەی. وەکو گوزارشتێک بۆ تاسەی مرۆڤ بۆ زانین. پێش ئەوەی مرۆڤ لەگەڵ گریکەکاندا بفەلسەفێت و، پرسیارەکانی ئاراستەی بوونی خۆی لەم گەردوونەدا و، نهێنی ئەم بوونە و، ئەو نادیارییە بکات، پرسیاری لا دروستکرد کە هێزێکی بانتر هەیە ئەم بوونە بەڕێوە ببات. گەڕانی مرۆڤ بەدوای واتای ئستورە زۆر دانەپەی بوو، وەک لەو کاتەی خودی ئستورەی تێدا دۆزرایەوە. پرسیارەکانی دەربارەی ئستورە، لە لایەن شیڵینگ و چەند فەیلەسوف و بیرمەندێکەوە خرانە ڕوو. ئەوەشی لەسەردەمی شیڵینگ پێی هەستاون ، چەند تەقەلایەک بوو بۆ بەستنەوەی فەلسەفەی ئستورە بە ئاگایی مرۆڤەوە. واوەتر میتۆد و مێژووەکەیان کرد بە بەشێکی سەرەکی لە پێکهێنانی و ئاگایی و بیرکردنەوەی مرۆڤ.

لە ڕووکەشگەرییەوە بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤی بە ئاگا. لەو چوارچێوەیەدا پەرتوکەکەی شیڵینگ، یەکێکە لەو پەرتوکە بناغەیی و دەگمەنەکان، لەبواری بەستنەوەی ئستورەوە بە مێژووی مرۆڤەوە. بەشێوەیەکی پێکبەست و ڕەها کە هەرگیز لێی دانابڕێت.

شیڵینگ پەرتوکەکەی بەڕوونی وەکو دەقێکی دورودرێژ و، بەدوای یەکدا نەنوسیووە. بەڵکو لە بنەڕەتدا کۆکراوەی کۆمەڵە وتارێکە لەو سەردەمەدا بۆ خەڵکی بێرلینی داوە،  جارێکیان لە ساڵی ١٨٤٢ و جارێکی دی لەنێوانی ساڵی ١٨٤٥-١٨٤٦دا بووە. لەو کاتەدا جەماورێکی زۆری لەدەوری خۆی کۆکردبۆیەوە، ئەوانیش گوێیان لێدەگرت و گفتوگۆ و دیبەیتیان لەگەڵدا ئەنجامدەدا. ئەو لە وتارەکانیدا بە ئەرگۆمێنت وەڵامی دژەکانی دەدایەوە. هەر لەو وتارانەی پەیوەستدار بوون بە ئستورە و،  مێژووەکەی و فەلسەفەی ئستورەوە، وەکو سەرجلەیەکی توندوتۆڵ مایەوە، بەجۆرێک بوو کە کەس نەیدەتوانی هاوشانی بێت. هەندێک لە شوێنکەوتەکانی جەختیان لەوە دەکردەوە کارکردنی لەسەر فەلسەفەی ئستورە میتۆدێکی نوێی، لە فکر و فەلسەفەدا هێنایەگۆڕێ. کەواتە میتۆدی بابەتە نوێیەکەی شیڵینگ چی بوو؟ چۆن توانی هەردوو فەلسەفەی مێژوو و ئستورە بکات بە تەواوکەری یەکتری؟، ئەوانەی لە وتارەکانیدا و لە پەرتوکەکەیدا نوسراون و بڵاویکردنەوە، دابەشیکردن بە دوو بەشەوە : بەشی یەکەمیان لەسەر(یەکتاپەرستی)بوو، جۆرە پێشەکیەکی فەلسەفی لەخۆدەگرێت. و ڕێ بۆ بەشی دووەم خۆشدەکات و دەیکات بە بناغەی لێکۆڵینەوە لەسەر فەلسەفەی ئستورە. لەبەشی دووەمیدا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە ئستورە بۆئەوەی بگات بە بناغەیەک بۆ گەیشتن بە فەلسەفەیەکی ڕاستەقینە، پێویستە لەسەری ببێت بە شتێکی دی بەدەر لە وێنە باوە کێشراوەکە بۆی، بەواتایەکی تر ببێت بە شتێکی دی جگە لەو پاشخانە چیرۆکیەی هەیەتی، وە خاوەنی حەقیقەتی تایبەت بەخۆی بێت وەکو ئستورە. لە ڕوانگەی شیڵینگەوە  بۆ ئەم حەقیقەتەش، دەبێژێت: لە بنەڕەتدا ئستورەکان بریتین لە(سەیرورە-بەردەوامی و گۆران)ـی خودایی گەردوونی، لەناوەوەی ئاگایی مرۆڤدا ڕوودەدات نەک دەرەوەی ئاگایی. بنەماکانی ئەو سەیرورە خوداوەندییەش، هەمان بنەماکانی(بوون(کەینونە)-و بەردەوامی و گۆڕان(سەیرورە))ـیە. ئەوەی لێرەدا مامەڵەی لەتەکدا دەکەین سەیرورەی پەرەسەندنی گەردوونی گشتگیر و ڕەهایە. لێرەدا شیڵینگ دەبێژێت، ئەو داهێنانە ئستورەییانەی کە مرۆڤ بە ئاگاییەوە پێی گەیشتووە ، بریتیە لە وێناکردنی دروستکەرێک بەوەی تاک و یەکە. یاخود بۆخۆی  و لە خۆیدا خودایەکی ڕەهایە. ئاگایی مرۆڤ بەمە گەیشتووە لە ڕێگەی شێوە و شێوازە جۆراوجۆرەکانەوە. چونکە خودا پەیوەست بەم وێنایەوە، هێزی(بوون-کەینونە)ـیە، بوون-کەینونەی ڕەهایە. جێگیربوونی خودی بۆ بوون (ڕۆحە)، چونکە نوێنەرایەتی کۆکردنەوەی ئەم سێ ڕەهەندە دەکات. شیڵینگ وایدەبینێت لە پێناوی گەیشتن بەم بوون-کەینونەیە، کە جەوهەری بابەتەکەیە، پێویستە ببێت بەو کارەی کە بە ویست-خواستی خوداوە کاربکات: خودا ئەوەیە کە دەیەوێت، ئەو ویستە ، ویستیش بۆخۆی کەینونە-بوونە، ئەم ویستە لە ڕێگەی بەردەوامی و گۆڕان-سەیرەوە تەجەلا دەبێت، لە ئاگایی مرۆڤدا ئامادەگی هەیە. جیاواز لەمە لای شیڵینگ پرۆسەی دروستبوونی ئەم خودییە پیوەندیدارە، ئەوەیە کە ئاگایی مرۆڤ لەشێوەی ئستورەکانەوە دەرکی دەکات.

دواتر بە ئەنجامێکی گرنگتر دەگات و دەچێتە سەرباسێکی زیاتر مێژوویی وەک لەوەی فەلسەفی بێت، ئەویش دەربارەی خوداوەندەکانی گریک و ڕۆمان و هیندۆسی کۆنە، کە پێش ئاینە یەکتاپەرستیەکان کەوتبوون. زۆرینەی توێژەر و شرۆڤەکارانی ئەم فەیلەسوفە لەو بڕوایەدان ، کارەکانی زیاتر مەیلە بۆ مێژوو یا مەیلە بۆ مێژووی شارستانیەتەکان، وەک لەوەی سەر بە فەلسەفە بێت، یا بگرە سەر بە مێژووی فەلسەفەش بێت، یاخود سەر بە فەلسەفەی ئستورە بێت.  هەروەها پێیان وابووە بەشی دووەمی پەرتوکەکەی بەشێکی لاوازترە هەرچەندە کەمتر جێگەی گفتوگۆیە.

بەڵام گرنگترین بەشی ئەوەیە، کە شیڵینگ یەکەم کەس بووە بەدوروودرێژی و بە وردی لەسەر پەیوەندی سیانەیی دوواوە، لە نێوان درککردن و تێگەیشتن بە تاکیەتی خودا، ویستی خودا لەلایەک و، ویستی ئەو لەنێو ئستورەدا لەلایەکی دیکە. هەروەها سێیەمیشی ئاگایی مرۆڤە.

بەبڕوای توێژەران، شیڵینگ تا ئەوپەڕی تەقەلای خۆی داوە  بۆ دیاریکردنی بنەماکانی تێڕامان، کە لە توانایدایە فۆرمە جیاوازەکان لەخۆی کۆبکاتەوە، وە ئەزموونەکانی مرۆڤ بەهۆیەوە پەردەپۆشی لە شرۆڤە بابەتیەکان بکات، هەروەها مێژووی خۆی و ئاگاییەکەی بگۆڕێت بۆ وێناکردنی چەمکە فەلسەفیەکان و دەربارەی خودا و، لەیەک ڕێسادا کۆیبکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی چوارچێوە ئستورەییەکەوە لە پەیوەستبوونی بە ئاگایی مرۆڤەوە. کاتێک شڵینگ دەستی کرد بە توێژینەوە لەسەر  فەلسەفەی ئستورە و خۆی لە بەرامبەریدا بینییەوە، سێ پرسیاری خستەڕوو:

-پێویستە چۆن لە ئستورە تێبگەین؟

-ئستورە واتای چیە؟

-ئەی چۆن ئستورە ڕوویدا؟

لە کۆتاییدا، گرنگیدانی بە ئستورە بۆ سەرەتای تەمەنی لاوی و جوانێتی دەگەڕێتەوە، کە دەستی بە نوسین کردووە. لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا توێژینەوەیەکی نوسی بەناوی(توێژینەوەیەک لەمەڕ شرۆڤەی ڕەخنەیی و فەلسەفی لە کۆنترین تیۆر پەیوەست بە سەرهەڵدانی خراپە مرۆییەکان)، ئەم توێژینەوەیە یەکەمین دەقی شیڵینگ بوو وەکو فەیلەسوف، توێژەران پێیان وابووە بەهۆی ئەم دەقەوەی بە یەکێک  لە توندڕەوە ئایدیالیستەکان لە فکری ڕێنیسانسدا، دادەنرێت.

فریدریک ڤێڵهڵم جۆزێف شیڵینگ لە ساڵی ١٧٧٥ لە (فۆرتمبرگ) لە باشوری ڕۆژئاوای ئەڵمانیا لە دایک بووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەچێتە زانکۆی(توبنگن) بۆماوەی ٥ ساڵ فەلسەفە و لاهوتی تێدا دەخوێنێت، لەوێدا شاعیر (هۆڵدەرلین)، و فەیلەسوف (هیگڵ) دەناسێت، کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر بیرکردنەوە و ژیان و کەسێتی ئەو دانا. لە ساڵی ١٧٩٨بۆماوەی چوارساڵ لە زانکۆی(ینا) وانە دەڵێتەوە و دەبێتە مامۆستای فەلسەفە. لەوێدا (گۆتە)و(شلیگڵ) دەناسێت. لەو کاتە بەدواوە ئیدی بنەماکانی ڕێبازە فەلسەفیەکەی دانا، پەرتوکە مەزنەکانی لەژێر کاریگەری مامۆستاکەی هیگڵ بڵاو دەکردەوه.

لەوانە(ڕۆحی جیهان)،(پێداچوونەوەیەک بە ئەزموونگەرایی فەلسەفی)،(بیرۆکەگەلێک دەربارەی فەلسەفەی سروشتی)،(فەلسەفەی سروش)؟(فەلسەفەی ئاین)،(سیستەمی ئایدیالیزمی زاڵ)و....هتد

لەساڵی ١٨٥٤کۆچی دوایی دەکات.

Comments

Popular posts from this blog

بونیادی ئاین، پێکهێنەرە سەرەکیەکانی ئاین

لافاوە مەزنەکە